هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرا دەکرێت

ئەمەریکا هەڵوێستی خۆی راگەیاند

K24 – هه‌ولێر:

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران دەستیلەکارکێشایەوە و ئەمەریکاش هەڵوێستی خۆی راگەیاند.

زەریف شەوی رابردوو، لە پەیامێكدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاویكردەوە، دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستی وەزیری دەرەوەی ئێران راگەیاند.

ئەو پەیامەی زەریف كە بەبۆنەی رۆژی دایك لە ئێران بڵاوی كردەوە تێیدا جگە لە پیرۆزبایی ئەو رۆژە لە خەڵكی ئێران، داوای لێبوردن دەكات و نووسیویەتی "ناتوانم درێژە بە ئەرك و كارەكانم بدەم و لە تەواوی كەموكوڕییەكانم لە ماوەی كاركردنمدا داوای لێبوردن دەكەم".

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نافەرمی ئاشکرایکردووە، هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ سەردانەکەی دوێنێ دوو شەممەی 25/02/2019 بەشار ئەسەد بۆ تاران دەگەڕێتەوە کە زەریف بە هیچ جۆرێک لەبارەی ئاگادار نەکرابووەوە و وێنەشی لە دانیشتنە فەرمییەکاندا نییە.

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بێ دەنگ نەبووە و لە تویتێکدا لە بارەی دەستلەکارکێشانەوی زەریف نووسیویەتی: "چاوەڕێدەکەین بزانین ئەوە ئەنجام دەدەرێت. سەربگرێ یان نا، ئەو و حەسەن رۆحانی پێشەوای مافیا ئاینییەکانن".

دەشڵێت: "رژێم دەبێت وەکو وڵاتێکی ئاسایی رەفتار بکات و رێز لە خەڵکەکەی بگرێت".

محەمەد جەواد زەریف رۆلی سەرەکی هەبوو لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران کە تیایدا کۆماری ئیسلامی دەستی لە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی هەڵگرت و لە بەرامبەردا سزا و ئابڵووقەکانی سەر وڵاتەکەی هەڵگیران، بەڵام کاتێک ئەمەریکا لەو رێککەوتنە کشایەوە، رەخنەی زۆری ئاراستە جەواد زەریف کرا.

تاکو ئێستا دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە لایەن بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەوە پەسەند نەکراوە.

H.J