تا ئێستا 20 ههزار پزیشكی عێراقی كۆچی دهرهوهیان كردووه
بههۆی نهبوونی پزیشكی به توانا به سهدان كهس به پهتا مردوون
K24- ههولێر:
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیى عێراق رایگەیاند، لە ئەنجامی هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان لە چەند ساڵی رابردوودا, نزیکەی 20 هەزار پزیشک لە عێراق بەرەوە وڵاتانی درەوە کۆچیانکردووە. ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی کەمی پزیشک و کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات، سێکتەری پزیشکی لەو وڵاتە رووبەڕووی قەیران بووەتەوە.
بەهۆی باڵادەستی میلیشیا و گرووپە چەکدارەکان و بوونی هەڕەشەی کوشتن و رفاندن، بەشێکی زۆر لە پزیشکانی عێراق بەرەوە وڵاتانی دەرەوە کۆچیانکردووە، وەزارەتی تەندرووستی حکومەتی عێراقیش ئاماژە بەوەدەدات، لە چەند ساڵی رابردوودا نزیکەی 20 هەزار پزیشک بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیانکردووە.
سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە میدیاکانی راگەیاندووە، سەرەڕای نەبوونی ئامارێکی تەواو، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندرووستی، لە چەند ساڵی رابردوودا نزیکەی20 هەزار پزیشک لە عێراق بەرەوە وڵاتانی درەوە کۆچیانکردووە.
ئاشكراشيكرد, بەهۆی لێهاتوويی و شارەزایی زۆریان لەبوارەکەياندا، ئەو پزیشکە عێراقییانە لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە پێشوازیان لێکراوەوە و لەو وڵاتانە جێگیربوونە.
سەبارەت بە هۆکاری جێهێشتنی عێراق و کۆچکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاشکرایکرد، هەڕەشە و کەمی ئەو دەسکەوتەی بەدەستی دەهێنن, دوو لە سەرەکیترین ئەو هۆکارانەن، کە پزیشکانی ناچار بە کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات کردووە.
لە چەند ساڵی رابردوودا چەندین پەتا و نەخۆشی لە عێراق بڵاوبوونەوەتەوە، کە بەهۆیانەوە سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە و حکوومەت نەیتوانیوە کۆنترۆڵیان بکات، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش ئاماژە بەوەدەدات، عێراق رووبەڕووی کەمی پزیشك بووەتەوە، کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئەو سێکتەرە هەیە.
H.B