هۆكاری پشووكورتی ئیداره‌ی یانه‌كان له‌سه‌ر راهێنه‌ران
بۆچی به‌رده‌وام راهێنه‌ران ده‌بنه نێچیرێكی ئاسان به‌ده‌ست ئیداره‌ی یانه‌كان
پرۆگرامی فاوڵ له رادیۆی كوردستان24 كه هه‌موو چوارشه‌ممه‌یه‌ك له كاتژمێر 4:00ـی ئێواره به كاتی هه‌ولێر پێشكه‌ش ده‌كرێت، ته‌وه‌ره‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی تایبه‌ت كردبوو به (پشووكورتی ئیداره‌ی یانه‌كان له‌سه‌ر راهێنه‌ران و نه‌بوونی پلانێكی درێژخایه‌ن بۆ پێشخستنی یانه‌كان)، له‌مباره‌یه‌وه چه‌ند راهێنه‌رێكی كوردستان به‌شێوازێكی جیاواز بۆچوونی خۆیان خسته‌ڕوو.
سه‌ردار مه‌جید دان به هه‌ڵه‌كه‌ی خۆیدا ده‌نێت
سه‌ردار مه‌جید، یه‌كێك له دیارترین راهێنه‌ره‌كانی كوردستان، له ده‌ستپێكی ئه‌م وه‌رزه دوای تێپه‌ڕبوونی 5 گه‌ڕ له خولی نایابی كوردستانی ده‌ستی له راهێنه‌رایه‌تی یانه‌ی شێروانه كێشایه‌وه، له میانه‌ی به‌شداریكردنی له پرۆگرامی فاوڵ له رادیۆی كوردستان24، جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه جارێكی دیكه به ساده و ئاسان گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ هیچ یانه‌یه‌ك ناكات، تا ناوه‌رۆكی گرێبه‌سته‌كه‌ی له به‌رده‌م میدیاكان ئاشكرا نه‌كات، ده‌شڵێت: ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر من روویدا به‌سه‌ر زۆرینه‌ی راهێنه‌رانی كوردستان دووباره بۆته‌وه و به‌شێك له كه‌مته‌رخه‌میان له ئه‌ستۆی خۆمانه.
سه‌ردار مه‌جید راهێنه‌ری ئێستای یانه‌ی خانه‌قین ده‌شڵێـت: من به‌هۆی خۆشه‌ویستیم بۆ یانه‌ی شاره‌كه‌م گه‌ڕامه‌وه شێروانه، به مه‌رجی پێگه‌یاندنی یاریزانی لاو و مانه‌وه‌مان له خولی نایابی كوردستان، به‌ڵام دواتر ئیداره‌ی یانه ئامانجه‌كه‌یان گۆڕی و ئاگاداری‌یان كردمه‌وه كه هیچ چانسێكم له مانه‌وه له یانه‌كه نه‌ماوه.
سه‌ردار مه‌جید پێشتر راهێنه‌ری یانه‌ی ده‌ربه‌ندیخانیش بووه ده‌شڵێت: راسته له كوردستان راهێنه‌ران هه‌میشه ده‌بنه قوربانی یه‌كه‌م، به‌ڵام به‌شێك له راهێنه‌ره‌كان خۆیان هۆكارن كه باجی گه‌وره ده‌ده‌ن، من خۆم به ساده‌یی و به‌چه‌ند خوله‌كێك ره‌زامه‌ندیم له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیكردنم به یانه‌ی شێروانه ده‌ربڕی، له كاتێكدا ده‌بوو زیاترم بیرم له ورده‌كاری نێو گرێبه‌سته‌كه كردبایه‌وه.
سه‌ردار مه‌جید گوتیشی: ئه‌مه‌ی به‌سه‌ر من روویدا ده‌بێـته وانه‌یه‌كی سوودبه‌خش، جارێكی تر به‌بێ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی و ئاشكراكردنی ناوه‌رۆكی گرێبه‌سته‌كه بۆ میدیاكان له‌گه‌ڵ هیچ یانه‌یه‌ك كارناكه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وكات ئه‌گه‌ر زوڵمیشم لێ كرا و ئیداره‌ی یانه‌كان پێشێلكارییان له گرێبه‌سته‌كه‌م كرد لانیكه‌م میدیاكان ئاگادار ده‌كه‌مه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی زوڵمه‌كان ته‌نیا له چوارچێوه‌ی ژوورێك به نهێنی نه‌مێنێته‌وه.
ئه‌رسه‌لان جه‌لال پێیوایه ئیداره‌ی یانه‌كان به‌رگه‌ی فشار ناگرن
ئه‌رسه‌لان جه‌لال له میانه‌ی به‌شداریكردنی له پرۆگرامی فاوڵ له رادیۆی كوردستان24، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه هۆكاری پشووكورتی ئیداره‌ی یانه‌كان له‌سه‌ر راهێنه‌ر زیاتر په‌یوه‌ندی به‌وه هه‌یه كه یانه‌كان هیچ پلانێكی درێژخایه‌نیان نییه، ده‌شڵێت: ئیداره‌ی یانه‌كان به‌رگه‌ی فشار ناگرن، بۆیه به دوورخستنه‌وه‌ی راهێنه‌ر كه‌موكورتییه‌كانی خۆیان ده‌شارنه‌وه.
له به‌رسیڤێكی كوردستان24 له باره‌ی ئه‌وه‌ی زۆرجار له پێكهاته‌ی تیپه‌كان كوتله و كوتلهكاریش هه‌ست پێده‌كرێت، ئه‌رسه‌لان جه‌لال له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ئه‌م بابه‌ته له نێو یانه‌كان هه‌ست پێكراوه و بوونی هه‌یه، زۆرجاریش راهێنه‌ر بۆته قوربانی ئه‌م كوتلهكارییه، به‌ڵام من تا ئه‌وكاته‌ی له پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی بووم هه‌موومان به‌یه‌ك گیان و جه‌سته هه‌وڵمان بۆ سه‌رخستنی تیپه‌كه ده‌دا، ته‌نانه‌ت جێگری سه‌رۆكی یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی شۆك بوو به بڕیاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی من و هه‌موو پشتگیرییه‌كی یانه‌كه‌ی بۆ دووپات كردمه‌وه، به‌ڵام پێموا بوو زۆرجار گۆڕینی راهێنه‌ر به‌سوود بۆ یانه‌كه ده‌شكێته‌وه، بۆیه بڕیاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌م له پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی دا.
"راهێنه‌ران باجی كه‌سانی ناوه‌رزشی نێو یانه‌كان ده‌ده‌ن"
ئه‌رسه‌لان جه‌لال كه وه‌رزی رابردوو یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی له خولی پله‌یه‌ك بۆ نایاب سه‌رخست، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه راهێنه‌ره‌كانی كوردستان باجی كه‌سانی نائیدارهیی نێو یانه‌كان ده‌ده‌ن، ده‌شڵێت: زۆرجار راهێنه‌ر و ئیداره‌ی یانه‌كان خوێندنه‌وه‌یه‌كی ته‌ندروستیان بۆ یه‌كتر نییه و نازانن له‌سه‌ر چی پلان و بنه‌مایه‌ك كار ده‌كه‌ن و ئه‌ودیوی تونێله‌كه‌یان لێ دیار نییه، سه‌رجه‌م كێشه‌كانیش په‌یوه‌ندی به‌وه هه‌یه كه یانه‌كان هیچ پلانێكی درێژخایه‌نیان نییه بۆیه ناتوانن ئارام له‌سه‌ر راهێنه‌ران بگرن، بۆیه به‌رگه‌ی فشاره‌كان ناگرن و به دوورخستنه‌وه‌ی راهێنه‌ر، هانده‌ران و میدیاكان كپ ده‌كه‌ن.
"راهێنه‌ران بوونه‌ته نێچیرێكی ئاسان به‌ده‌ست ئیداره‌ی یانه‌كان"
جاسم عوسمان كه پێشتر له خولی نایابی كوردستان وه‌ك یاریزان، یاریده‌ده‌ر و راهێنه‌ریش ئه‌زموونی هه‌یه، له میانه‌ی به‌شداریكردنی له پرۆگرامی فاوڵ له رادیۆی كوردستان24، جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه راهێنه‌ران خۆیان هۆكارن كه به ئاسانی ده‌بنه نێچیرێكی ئاسان به‌ده‌ست ئیداره‌ی یانه‌كان و دوورده‌خرێنه‌وه.
له‌مباره‌یه‌وه جاسم ده‌ڵێت: زۆرینه‌ی راهێنه‌رانی كوردستان ته‌نیا له پێناو ئه‌وه‌ی ئیشێكیان ده‌ستبكه‌وێت به‌بێ بیركردنه‌وه پێشوازی له وه‌رگرتنی ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن، له كاتێكدا پێش ئه‌وه‌ی ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی تیپێك وه‌ربگریت ده‌بێت به‌دواداچوونێكی ورد بۆ سیایه‌ت و تێگه‌یشتنی سه‌رۆك و به‌رپرسان و ئه‌ندامانی ئه‌و یانه‌یه بكه‌یت ئینجا بڕیار له‌سه‌ر وه‌رگرتنی كاری راهێنه‌رایه‌تی بده‌یت، چونكه ئه‌گه‌ر واناكهیت له كورترین ماوه چاوه‌ڕوانی دوورخستنه‌وه‌ی خۆت ده‌كه‌یت.
"به‌شێك له راهێنه‌رانی كوردستان كه‌سایه‌تیان لاوازه"
جاسم عوسمان له به‌رسیڤێكی دیكه‌ی كوردستان24، جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه پشووكورتی ئیداره‌ی یانه‌كان له‌سه‌ر راهێنه‌ره‌كان، به‌شێكی گه‌وره په‌یوه‌ندی به‌خودی لاوازی كه‌سایه‌تی راهێنه‌ر هه‌یه كه به ئاسانی ده‌چنه ژێرباری هه‌موو برگه و مه‌رج و گرێبه‌ستێك، لاوازی ئه‌مجۆره راهێنه‌رانه به زیان بۆ سه‌ر وه‌رزشوانان شكاوه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت به‌شێكی زۆر له راهێنه‌ران ناتوانن وه‌رزشوانێكی ته‌ندروست و باش په‌روه‌رده بكه‌ن، مه‌گه‌ر یاریزانه‌كه خۆی له بنه‌ڕه‌تدا كه‌سایه‌تییه‌كی ژیر و تێگه‌یشتووی هه‌بێت، ئه‌گه‌رنا راهێنه‌رانی كوردستان توانای ئه‌وه‌یان نییه یاریزانێك به ئاراسته‌یه‌كی ته‌ندروست راست بكه‌نه‌وه.