هێمن هه‌ورامی: له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌رله‌مان ئۆتۆمبێل بۆ په‌رله‌مانتار ناكڕدرێت

ئیمتیازاته‌كانی په‌رله‌مانتارانی كوردستان كه‌م كرانه‌وه‌

K24- هه‌ولێر:

هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و فراكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مانی خسته‌ڕوو، تێیدا ئاماژه‌ به‌ ده‌ركردنی چه‌ند بڕیار و راسپارده‌ و رێنمایيه‌ك ده‌دات.

هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، له‌ فه‌یسبووك بڵاویكردۆته‌وه‌، "دوای ئەوەی لە دانیشتنی رۆژی 18ی شوبات وەک دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، لە لایەن زۆرینەی پەرلەمانتارانی کوردستان، متمانەمان پێدرا، لەگەڵ سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان دەستمان بە گرتنەبەری رێوشوینی ئیداریی پێویست کرد".

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، ده‌ڵێت: "وەك دەستەی سەرۆکایەتیی ئێستای پەرلەمان، لە خۆمانەوە دەستمان پێکرد و ئەو کراوەییەی لە دەسەڵاتی سەرفی دارایی و هاوکارییەی، کە دەستەی سەرۆکایەتی هەیبووە نەمانهێشتووە".

گوتیشی: "لە رۆژانی رابردوودا، لەگەڵ سەرجەم راوێژکارەکان و بەڕێوەبەره‌کانی ناو پەرلەمان کۆبووینەوه‌، ئەم سیاسەت و شێوەی کارەمان بۆ روون کردوونەتەوە. راشمان گەیاندووە، بەرزکردنەوەی پلە، بە میزاج و نایاسایی، بە تەواوەتی رەت دەکەینەوە، دیاردەی واستە و واستەکاری، بە هەدەردانی بودجە و میزاجییەت لە هاوکاری و ئیمتیازات، بە تەواوەتی رەت دەکەینەوە".

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌شڵێت: "لە کۆبوونەوەی رۆژی 27ی 2ی 2019، به‌ سەرجەم سەرۆک فراکسیۆنەكانی پەرلەمانی کوردستانمان راگەیاندووه‌، بە بێ هیچ جیاوازییەك، بۆ کاری پەرلەمانتاری، پرەنسیپی دادپەوروەری بەرامبەر سەرجەم پەرلەمانتارکان دەگرینە بەر و بە پێچەوانەی خولەکانی دیکە، رێگه‌ نادەین لە بودجەی گشتی، هاوکاری بێ بنەما بە بیانووی جۆراوجۆر بۆ پەرلەمانتار خەرج بکرێت و لە سامانی گشتی، بابەتی ئۆتۆمبیل کڕین رووبدات".

هه‌ورامی ئاشكراشی كرد، "پیشنیازمان كردووه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی شەفافانە، مانگانە بڕی له‌ 2%ی مووچەکانیان بخرێتە سندووقێك و پەرلەمانی کوردستانیش بە هەمان بڕ، هاوکاریی ئەو سندووقە بیت بۆ حاڵەتی تەندروستی و حاڵەتی لە ناکاو و پێویست"، جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و رێكاره‌ "بۆ بنبڕکردنی بە هەدەردان و بریاری میزاجیانە".

گوتیشی: "سه‌باره‌ت به‌ کاروباری گواستنەوە، کاری رۆژانەی پەرلەمانتاران، هاتووچۆی شار و شارۆچکەکان و بەسەرکردنەوەی هاووڵاتیان، پێمان راگەیاندن، کە چاوەڕێی ئەوە نەبن لە بودجەی پەرلەمان ئۆتۆمبێل دابین بکرێت، لە بڕی ئەوە چەند پیشنیازێکیان پێدراوە، کە بە قیستی مانگانە لە مووچەکانیان، بە زەمانەتی پەرلەمان ئۆتۆمبێل بۆ خۆیان دابین بکەن".

له‌ كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌شدا، هێمن هه‌ورامی نووسیویه‌تی: "شێوازی کاری شەفافانەی ئێمه‌ بەردەوامە، بۆ ئەوەی پەرلەمانێکی بەهێز و کراوەمان هەبێت، پرس و راوێژ بە فراکسیۆنەكان بۆ کاروباری پەرلەمان و ئیدارەدانی، نەهجی ئێمەیە".

H.B