له‌ هه‌ولێر دوو كارگه‌ و چه‌ند نۆڕينگه‌يه‌ك داخران

بڕێكى زۆر ده‌رمانى ناياسايى ده‌ستى به‌سه‌ردا گيرا

K24 – هه‌ولێر:

له‌ شارى هه‌ولێر دوو کارگە و سێ شوێنی فرۆشتنی گیادەرمان و دوو نۆڕينگه‌ داخران، هاوكات ده‌ست به‌سه‌ر بڕێکی زۆری دەرمانی گیایی قەدەغەکراودا گیرا. 

ئه‌مڕۆ لێژنەی بەدواداچوون و چاودێریی دەرمانو کە پێکهاتووە لە بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی تاوانی رێکخراوی سەر بە ئاژانسی پاراستن، کوالیتیی کۆنترۆڵی دەرمان، قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر، بەشی پۆلیسی شارەوانی، بە سەرپەرشتی قایمقامی هەولێر لە سەنتەری شاری هەولێر و ناحیەی کەسنەزان، پشکنینیان بۆ پێنج شوێنی فرۆشتنی گیادەرمان ئەنجام دا.

لە میانەی بە دواداچوونەکاندا و بە هۆی پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکانی کوالیتیی کۆنترۆڵی دەرمان، نەبوونی مۆڵەتی فەرمی و مەرجەکانی تەندروستی، سێ شوێنی فرۆشتنی گیادەرمان و دوو کۆگای دروستکردنی گیادەرمان داخران و دەست بەسەر بڕێکی زۆری گیادەرمانی بێ ستیکەر و قاچاغ و قەدەغەکراودا گیرا. 

لە درێژەی بە دواداچوونەکانی قایمقامیەتی هەولێر و بەشی پۆلیسی شارەوانیدا، بە هەماهەنگیی سەندیکای پزیشکان، بە هۆی نەبوونی مۆڵەتی فەرمیو دوو نۆڕینگەی پزیشکی لە کۆمەڵگه‌ی شاوێس و گەڕەکی هەولێری نوێ داخران و بەپێی یاسا، رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران ده‌گیرێته‌به‌ر.