هه‌سه‌ده شه‌ڕی داعش راده‌گرێ
"24 شه‌ڕڤان و سه‌دان كه‌سی سڤیل رزگار ده‌كه‌ن"
K24 - هه‌ولێر:
هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی "هه‌سه‌ده" دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه، كه پرۆسه‌ی چۆڵكردنی دوا مۆڵگه‌ی داعش له هاووڵاتییانی سڤیل به‌رده‌وامه و 24 شه‌ڕڤانی "هه‌سه‌ده"ـش، كه له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعش رفێندرابوون، ئازاد كراون.
هه‌سه‌ده له به‌یاننامه‌یه‌كدا، كه ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 28/2/2019 بڵاویكردۆته‌وه، ئاماژه‌ی به‌وه كردووه بڕیاریان داوه وه‌ك بنه‌مایه‌ك كه باوه‌ڕیان پێیه‌تی، شه‌ڕی شاره‌دێ ئابڵۆقه‌دراوه‌كه "باغۆز" رابگرن، بۆ ئه‌وه‌ی "ژیانی خه‌ڵكه سڤیله‌كه بپارێزن".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌وه كردووه، كه توانیویانه رێگایه‌كی ئارام بۆ ده‌ربازكردنی خه‌ڵكه سڤیله‌كه بكه‌نه‌وه و 24 شه‌ڕڤانی خۆشیان، كه پێش مانگێك له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه رفێندرابوون، رزگار بكه‌ن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه روانگه‌ی سووریی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاندووه، 35 بارهه‌ڵگر بۆ گواستنه‌وه‌ی كاروانێكی دیكه‌ی خه‌ڵكه سڤیله‌كه‌ی باغۆز، خانه‌واده‌ی چه‌كدارانی داعش و ئه‌ندامانی رێكخراوه توندڕه‌وه‌كه، گه‌یشتوونه‌ته ناوچه نزیكه‌كانی كێڵگه‌كانی باغۆز.
روانگه‌ی سووری له سه‌رچاوه‌ی ئاگادار و باوه‌ڕ پێكراوه‌وه زانیوویه‌تی، كه سه‌دان كه‌سی سڤیل، ئه‌ندامانی داعش و خێزانه‌كانیان، كه له ناوچه‌كه مابوونه‌وه، شه‌وی سێشه‌ممه‌ی رابردوو، به‌ره‌و كاروانی بارهه‌ڵگره‌كان ده‌رچوون، تا له‌وێوه بگوازرێنه‌وه خێوه‌تگای ئه‌لهول له كه‌رتی باشووری رۆژهه‌ڵاتی گونده‌واریی حه‌سه‌كه.
روانگه سوورییه‌كه ده‌ڵێت: "چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا، كاروانی یه‌كه‌م بگوازرێنه‌وه، پاش ئه‌وه‌ی ئه‌ندامانی داعش ده‌گوازرێنه‌وه باره‌گاكانی سه‌ر به هێزه‌كانی سووریای دیموكرات، له‌وێ ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێن.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌وه كردووه "نزیكه‌ی 1400 هاووڵاتیی سڤیل، كه زیاتر له 350 كه‌سیان ئه‌ندامی رێكخراوه توندڕه‌وه‌كه و كه‌سوكاره‌كانیان بوون، له ناوچه‌كه ده‌رچوون. كۆی گشتی ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌شی ناوچه‌كه‌یان جێهێشتووه، گه‌یشتۆته 3600 كه‌س و 470 كه‌سیشیان ئه‌ندامی داعشن".
جه‌ختیان له‌وه‌ش كردۆته‌وه، كه هێشتا ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی سڤیل، چه‌كدار و سه‌ركرده‌ی داعش و كه‌سوكاره‌كانیان، له‌و ناوچه‌یه‌دا ماون و زۆرینه‌یان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌كه‌ن ناوچه‌كه چۆڵ بكه‌ن. ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه، كه هێشتا به‌شێك له سه‌ركرده و ئه‌میره‌كانی داعش ناهێڵن ناوچه‌كه چۆڵ بكه‌ن و ده‌یانه‌وێ تا كۆتایی شه‌ڕ بكه‌ن.
هه‌روه‌ها زانیاریی ئه‌وه‌ش هه‌یه، كه به هۆی خراپیی كه‌شوهه‌وا و ره‌وشی ته‌ندروستیی ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی داعش، ئه‌و كاروانانه‌ی له كێڵگه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی فورات، له رۆژهه‌ڵاتی دێره‌زوور و نزیك له باغۆزه‌وه دێن، له‌گه‌ڵ خۆیاندا ته‌رمی چه‌ندین منداڵیان پێیه و تا ئیستا ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه به هۆی بارودۆخه‌كه‌وه گیانیان له ده‌ست داوه، گه‌یشتۆته 51 كه‌س و زۆرینه‌یان منداڵن.