عێراق.. له ترسی داعش حكوومه‌ت كۆكردنه‌وه‌ی دۆمبه‌ڵان قه‌ده‌غه ده‌كات
داعش وه‌رزی كۆكردنه‌وه‌ی دۆمبه‌ڵان بۆ رفاندنی هاووڵاتیان ده‌قۆزێته‌وه
K24- هه‌ولێر:
ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق رێگه به هاووڵاتییانی پارێزگای ئه‌نبار ناده‌ن، بۆ كۆكردنه‌وه‌ی دۆمبه‌ڵان بچنه ده‌شت و ده‌ر، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی له چه‌ند رۆژی رابردوودا به ده‌یان كه‌س، كه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته چوونه‌ته ده‌شت و چۆڵه‌وانییه‌كان، له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه رفێندراون و كوژراون.
له‌م باره‌یه‌وه فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی جه‌زیره له پارێزگای ئه‌نبار، به بڕیارێكی فه‌رمی، رێگه‌ی چوون بۆ كۆكردنه‌وه‌ی دۆمبه‌ڵانی له هاووڵاتییان قه‌ده‌غه كردووه، له فه‌رمانه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه دراوه، "به هه‌موو شێوه‌یه‌ك چوونه ده‌ره‌وه‌ی هاووڵاتییان بۆ بیابان و چۆڵه‌وانییه‌كان به مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ی دۆمبه‌ڵان قه‌ده‌غه‌یه".
جه‌ختیش كراوه‌ته‌وه، "مه‌به‌ست له‌و فه‌رمانه، بۆ رێگریكردنه له پێدانی ده‌رفه‌ت به چه‌كدارانی داعش، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانن ئامانجه‌كانیان بپێكن، هه‌روه‌ها له پێناو پاراستنی سه‌لامه‌تیی هاووڵاتییانه".
له چه‌ند رۆژی رابردوودا به ده‌یان هاووڵاتیی سڤیل، كه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی دۆمبه‌ڵان روویان له بیابان و چۆڵهوانییهكانی سنووری پارێزگای ئه‌نبار كردبوو، له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه كوژراون و رفێندراون.
H.B