باشترینەکانی مانگی شوباتی خولی نایابی کوردستان دەستنیشانکران
هۆگر عەبدوڵا بە باشترین راهێنەر و ئاسۆ رۆستەمیش بە باشترین یاریزانی مانگی رابردووی خولی نایابی کوردستان هەڵبژێردران
هۆگر عەبدوڵای راهێنەری دەربەندیخان خەڵاتی باشترین راهێەری مانگی فێبرایەری خولی نایابی کوردستانی بەدەستهێنا و بە باشترین راهێنەری ئەو مانگە دەستنیشانکرا.
هۆگر عەبدوڵا مانگی رابردوو لەگەڵ دەربدیخان لە کۆی چوار یاریی سێ بردنەوە و بەرامبەربوونێکی بەدەستهێنا و توانی لەو مانگە دە خاڵ بۆ یانەکەی بەدەست بهێنێت و دەربەندیخان بگەیەنێتە پلەی چوارەمی خولی نایابی کوردستان.
راهێنەرە لاوەکەی دەربەندیخان لە یاریگای یانەکەی لە هەولێر و پێشمەرگەی هەولێری یەکەمی بردەوە و لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە شێروانەی بردەوە و لە دهۆکیش خاڵێکی لە زێرەڤانی وەرگرت.
ئاسۆ رۆستەمیش خەڵاتی باشترین یاریزانی مانگی شوباتی خولی نایابی کوردستانی بەدەستهێنا و ئەو هێرشبەرەی نەورۆز بە گۆڵەکانی خەڵاتەکەی کوردستان24ی بەدەستهێنا.
ئاسۆ رۆستەم لە مانگی رابردوو لەگەڵ نەورۆز لە چوار یاریی چوار گۆڵی کرد و گۆڵێکیشی دروستکرد، بەو هاتریکەی بەرامبەر شێروانە تۆماریکرد و ئەو گۆڵەی دژی برایەتی کردی، ئاسۆ رۆستەم نەورۆزی گەیاندە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی.
گۆڵەکەی لۆکاس سانتۆسی هێرشبەری بڕازیلی یانەی زاخۆ لە یاریی بەرامبەر پێشمەرگەی سلێمانی بە جوانترین گۆڵی مانگی رابردووی خولی نایابی کوردستان دەستنیشانکرا، کە ئەو هێرشبەرە بڕازیلییە بەو گۆڵەی خەڵاتی جوانترین گۆڵی مانگی رابردووی بردەوە.
پێنجەم مانگە لەسەر یەک کوردستان24 مانگانە باشترین یاریزان و راهێنەر و جوانترین گۆڵی خولی نایابی کوردستان دەستنیشان دەکات و یەکەمجارە لە کوردستان باشترینەکان بەمشێوەیە دەستنیشان دەکرێن.