سلێمانی.. لەسەر دۆسیه‌ی كوشتنی گەنجێك 3 كەس دەستگیرکران
پۆلیس ورده‌كارییه‌كان ده‌خاته‌ڕوو
K24 ـ سلێمانی:
بە گومانی كوشتنی گەنجێكی تەمەن 29 ساڵ هێزەكانی بنكەی پۆلیسی ئیبراهیم ئەحمەد له سلێمانی، سێ كەسیان دەستگیركرد .
نه‌قیب سەرکەوت ئەحمهد، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌ی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، بەکوردستان 24ی راگەیاند، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی 21ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2019، لە گەڕەكی شۆڕشی نوێ لەشاری سلێمانی، گەنجێكی تەمەن 29 ساڵ بەفیشەك كوژرا، دواتر لەلایەن هێزەکانی پۆلیس كەشف و هێڵكاری بۆ شوێنی رووداوەكە كرا‌و لێكۆڵینەوەكان دەستیانپێكرد.
نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د گوتیشی: "دوای لێکۆڵێنەوەی وردتر هێزەكانی بنكەی پۆلیسی ئیبراهیم ئەحمەد سێ كەسیان بەناوەکانی (ج. م. س)، (ب. م. س) و (ی. ح. م)، بە گومانی كوشتنی ئەو گەنجە دەستگیركرد.
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتبارەکان بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیدا بەردەوامە.
ئ. م