پەرلەمان پێكھێنانی لیژنە ھەمیشەییەكان تاوتوێ دەكات

سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆدەبنەوە

K24 - ھەولێر

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان پێکهێنانی لێژنە هەمیشەییەکان تاوتوێ دەکەن.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند "ئەمڕۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان بۆ پێکهێنانی لیژنە هەمیشەییەکانی نێو پەرلەمان و دیاریکردنی ئەندامانی لیژنەکان کۆدەبنەوە، کە ژمارەیان 15 لیژنەیە".

ئەمەش دوای ئەوە دەێت، رۆژی سێشەممەی رابردوو پەرلەمانی کوردستان بەبێ بەشداریکردنی فراکسیۆنی یەکێتی ئەندامانی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی هەڵبژارد.

بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان، فۆڕمێك دراوتە پەرلەمانتاران تا دوو لیژنە هەڵبژێرن و تێدا ببنە ئەندام، فۆڕمەکە ناوی 15 لێژنەکەی تێدایە، پسپۆڕی و ئارەزوو لەبەرچاو دەگیرێت بۆ چوونە ناو لیژنە هەمیشەییەکان.

لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان 15 لیژنەن یەک لیژنە هەڵبژێردراوە، ئەویش لیژنەی یاساییە. ئەندامانی هەر لیژنەیەک نابێت لە 11 ئەندام زیاتر و لە  5 ئەندام کەمتر بێت، بڕیارە لەم هەفتەیە پەرلەمان متمانە بە لیژنەکان بدات و فراکسیۆنەکانیش لەسەر سەرۆک جێگر و بڕیاردەری لیژنەکان بگەنە رێککەوتن و بەرکەوتەی هەڵبژاردنیش یەکێک لە پێوەرەکانە.

ئایدن مەعرووف، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان بە كوردستان24ی گوت: "بڕیارە چوارشەممەی داهاتوو جارێکی دیکە پەرلەمان بۆ متمانەدان بە ئەندامی لیژنەکان و دەنگدانپێیان کۆببێتەوە".

 گوتیشی: "تاوەکو ئێستا فراکسیۆنی یەکێتی هیچ ناوێکی بۆ لیژنەی یاسایی پەرلەمان پێشکەش نەکردووە".

ھ.م