تورکیا فڕۆکە و تەکنەلۆژیای نوێ دژی پەکەکە بەکار دەهێنێت
"ناهێڵین لە شاخەکانیش جێیان ببێتەوە"
K24 – ههولێر:
سوپای تورکیا بۆ زیاتر بە ئەمانج گرتنی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، تەکنەلۆژیایەکی نوێ لە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی بەکاردەهێنێت.
لە لێدوانێکی بۆ چەند رێکخراو و بەرپرسێکی ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاندووە: "سۆفتوێرە (بەرنامە) نوێکەمان گەشەی زۆر بە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانمان دەدات بەجۆرێک "تیرۆرستان" ناتوانن لە شاخەکانیش بە رێدا بڕۆن، لە ناوەڕاستی مانگی پێنج، هەموو دونیا باس لە سۆفتوێرە نوێکەمان دەکات".
لەبارەی جەنگی سوپای تورکیا و پەکەکە، ئەو وەزیرەی تورکیا دەڵێت: "لە رابردوودا، هەزاران کەس دەچوونە ناو پەکەکە، بەڵام لە ساڵانی 2017 و 2018، 294 کەس پەیوەندییان بە پەکەکەوە کردووە".
سوپای تورکیا بۆ جەنگی دژ بە پەکەکە تا ناوخاکی عێراق هاتووە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیاش، بەرپرسانی ئەو وڵاتە زیاتر گرەو لەسەر کۆتایی هێنان بە پەکەکە دەکەن.
لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا، جەنگی پەکەکە و سوپای تورکیا بووەتە هۆی گیان لە دەستدانی زیاتر لە 40 هەزار کەس و وێرانبوونی چەندین شار و شارۆچکەی باکووری کوردستان.
Sputnik
Anadolu Agency
H.J