سبه‌ى مه‌كته‌بى سياسیى پارتى و يه‌كێتى كۆده‌بنه‌وه‌

سەعدی پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئەو ھەواڵەی پشتڕاست كردەوە

K24 – هه‌ولێر:

بڕیاره‌ سبەی هه‌ردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر کۆببنەوە.

سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ کوردستان24 ئاشکرای کردووە، بڕیاربوو ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی بۆ تاوتوێکردنی پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێ، پرسەکانی کەرکووک و بەغدا کۆببنەوە، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ سبەی دواخرا.

ھەر لەو بارەیه‌وە، سەعدی پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئەو ھەواڵەی پشتڕاست كردەوە و رایگەیاند، سبەی پارتی و یەكێتیی كۆدەبنەوە.

له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، ئه‌مڕۆ لە پیرمام، سەرۆك مەسعود بارزانی و كۆسرەت رەسووڵ عەلی، جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و شاندی یاوەری، كە پێكهاتبوو لە ئەرسەلان بایز و عیماد ئەحمەد، ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، كۆبوونەوە.

لە دیدارەكەدا پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و ئاستەنگەكانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی تاوتوێ كران، جەختیش لە كاری جیددی و بەردەوامیی ڕێككەوتنی هەردوولا بۆ دامەزراندن و پتەوتركردنی دامودەزگەی هەرێمی كوردستان كرایەوە ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان و گیانی برایەتی و هەست بە بەرپرسیارێتیی هەموو لایەك، بە جۆرێك كە لە ئاست داواكاری و خواستی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستاندا بێت.