سه‌رۆكايه‌تیى په‌رله‌مان ئيدانه‌ى كوژرانى 50 ئافره‌تى ئێزدى ده‌كات
داوای گەڕاندنەوەی تەرمەكانیان دەكات
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان سەركۆنەی سەربڕینی 50 كچ و ژنی ئێزدی دەكات و داوای گەڕاندنەوەی تەرمەكانیان دەكات.
لە راگەیه‌ندراوێكدا، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەى به‌وه كردووه، به‌پێی سه‌رچاوه سه‌ربازى و میدیاییه‌كانى به‌ریتانیا، داعش 50 كچ و ژنی كوردى ئێزدیى به شێوه‌یه‌كى دڕندانه سه‌ربڕیوه. ئه‌م هه‌واڵه جارێكى تر تاوانه كۆمه‌ڵكوژییه‌كانى رێكخراوى تیرۆریستیى داعشمان بیرده‌خاته‌وه، كه له دژی كوردانى ئێزدى و سه‌رجه‌م ئایین و نه‌ته‌وه و پێكهاته جیاوازه‌كان ئه‌نجامیان دا.
سه‌رۆكايه‌تیى په‌رله‌مان داواش له‌لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانى حكوومه‌تى فیدراڵیى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، به‌داواداچوون و رێوشوێنى یاسایی و پێویست بگرنه‌به‌ر بۆ هێنانه‌وه‌ى ته‌رمى قوربانییه‌كان.
ئاماژە بەوەش كراوه، ئه‌م تاوانه و سه‌رجه‌م تاوانه‌كانى تر‌ى رێكخراوى تیرۆریستیی داعش، به تاوانى نێوده‌وڵه‌تى ناو ده‌برێن، وه‌كو تاوانه‌كانى جینۆساید، تاوانه‌كانى دژ به مرۆڤایه‌تى و تاوانه‌كانى جه‌نگ.