بازرگانان تێبینییان لەسەر یاسای پێناسی نوێی گومرگیی ھەیە

راپۆرتێك پێشكەشی بەڕێوەبەرایەتیی گومرگەكان دەكرێت

K24 - ھەولێر

سەرۆكی یەكێتیی ھەناردە و ناردنكارانی ھەرێمی كوردستان لە ھەولێر رایگەیاند، چەندین تێبینییان لەبارەی یاسای پێناسی گومرگیی نوێ بەدەست گەیشتووە.

گەیلان سەعید، سەرۆكی یەكێتیی ھەناردە و ناردنكارانی ھەرێمی كوردستان لە ھەولێر بە كوردستان24ی رایگەیاند: "چەند بڕگەیەك لە یاسای پێناسی گومرگیی نوێ، لەگەڵ كاری بازرگانی لە ھەرێمی كوردستان یەك ناگرنەوە، بە جۆرێك نرخی ئەلەمنیۆم و جلوبەرگ و چەند جۆرێكی ئۆتۆمبێل بەرز بۆتەوە، ئەمەش كاریگەریی نەرێنی كردۆتە سەر بازاڕ".

ئاماژەی بەوەش كرد: "یاسای پێناسی گومرگیی نوێ، بۆ ماوەی شەش مانگ، بە شێوەیەكی ئەزموونیی لە دەروازە سنورییەكانی عێراق و ھەرێمی كوردستان كاری لەسەر دەكرێت، بەڵام لەگەڵ جێبەجێكردنی بڕیارەكە، تێبینییەكی زۆرمان لەلایەن بازرگانانەوە بە دەست گەیشتۆتەوه‌، ئێمەش لە رێگەی راپۆرتێك پێشكەشی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی ھەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی ئابووری دەكەین".

ھ.م