پارتی و یەكێتی كۆدەبنەوە
پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت تاوتوێ دەكەن
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ ههردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر كۆدەبنەوە.
سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی بۆ تاوتوێکردنی پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حكوومەت، پرسەکانی کەرکووک و بەغدا لە ھەولێر كۆدەبنەوە.
ھاوكات سەعدی پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئەو ھەواڵەی پشتڕاست كردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ پارتی و یەكێتیی كۆدەبنەوە.
پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "بڕیاربوو كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی بۆ تاوتوێكردنی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بێت، بەڵام لەم ماوەیهی دواییدا چەند بەربەستێك ھاتوونەتە پێشەوە، وەك پرسی كەركووك، بەغدا و پشكی یەكێتی لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بۆیە پێدەچێت ئەم كۆبوونەوەیە یەكلاكەرەوە نەبێت و لە داھاتوودا گفتوگۆكان لەسەر ئەم پرسانە بەردەوام بن".
پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەسەر چەند پرسێك، لە سەرووی ھەموویانەوە كەركووك، ناكۆكن. یەكێتی پێداگیریی لە دانانی پارێزگارێك دەكات، كە سەربە حزبەكەی بێت، بەڵام پارتی جەخت لە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك دەكاتەوە و پێی وایە بە دانانی پارێزگارێك، كەركووك ئاسایی نابێتەوە، ئەو ناكۆكییانەش كاریگەرییان لەسەر دواكەوتنی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت ھەبووە.
ھەر پەیوەست بە بارودۆخی ھەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، دوێنێ سهرۆك بارزانی، لهگهڵ شاندێكی باڵای یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كه له كۆسرهت رهسووڵ، جێگری یهكهمی سكرتێری گشتی، ئهرسهلان بایز و عیماد ئهحمهد، ئهندامانی مهكتهبی سیاسیی ئهو حزبه پێكهاتبوو، كۆبووهوه. بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، لەو دیدارەدا "پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و ئاستەنگەكانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی تاوتوێ كران، جەختیش لە كاری جیددی و بەردەوامیی رێككەوتنی هەردوولا بۆ دامەزراندن و پتەوتركردنی دامودەزگەی هەرێمی كوردستان كرایەوە، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان و گیانی برایەتی و هەست بە بەرپرسیارێتیی هەموو لایەك، بە جۆرێك كە لە ئاست داواكاری و خواستی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بێت".
ھ.م