پارتی و یه‌كێتی رێككه‌وتنێك واژۆ ده‌كه‌ن

كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌

K24 - هه‌ولێر:

په‌یامنێری كوردستان 24 له‌ مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ رایگه‌یاند: "به‌ گوێره‌ی ئه‌و ئاماده‌كارییانه‌ی كراون، بڕیاره‌ پاش ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان هه‌ر دوو شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، رێككه‌وتنێك واژۆ بكه‌ن".

عه‌مار نه‌جمه‌ددین، په‌یامنێری كوردستان 24 گوتی: "ناو به‌ناو چه‌ند به‌رپرسێكی پارتی و یه‌كێتی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ دێنه‌ ده‌ره‌وه‌ و ره‌شنوسی رێككه‌وتنێكیان ئاماده‌ كردووه‌. كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌رێنییه‌، گرێكوێره‌كان كراونه‌ته‌وه‌، له‌سه‌ر كه‌ركووك و به‌ركه‌وته‌كانی یه‌كێتی له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن و بڕیاره‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ نێوان پارتی و گۆڕان كرا، یه‌كێتی و پارتییش رێككه‌وتنێكی واژۆ بكه‌ن".

ئەمرۆ شاندی مەكتەبی سیاسیی پارتی، گەیشتە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە ھەولێر، ئێستا لەگەڵ یەكێتی لە كۆبوونەوەدان. بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردستان24، لە كۆبوونەوەكەدا ھەردوولا پڕۆژە و ھەوڵەكانیان بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت و دۆسیەی كەركووك تاوتوێ دەكەن، كە پێدەچێ كۆبوونەوەكە تا راددەیەك یەكلاكەرەوە بێت و ھەردوولا بۆ گەیشتن بە رێككەوتن دەربارەی دۆسیە ناكۆكەكان، بڕیار بده‌ن.

شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان پێكھاتوون لە نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی، مەسرور بارزانی، كاندیدی پارتی بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت، فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی و ھۆشیار زێباری، ئازاد بەرواری، رۆژ نوری شاوێس، مەحموود محەمەد و جەعفەر ئیمینكی، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، له‌گه‌ڵ دڵشاد شەھاب، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی.

شاندی یەكێتیش پێكھاتوون لە كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتیی یه‌كێتی، حاكم قادر حەمەجان، ئەرسەلان بایز، عیماد ئەحمەد، قوباد تاڵەبانی، جەعفەر شێخ مستەفا، عومەر فەتاح، سەعدی ئەحمەد پیرە، لەتیف شێخ عومەر، عەندنان حەمە مینە، رزگار عەلی و لاهوور جه‌نگی.

كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی دوای ئەوە دێت، كه‌ دوێنێ سەرۆك بارزانی و شاندێكی یەكێتی بە سەرۆكایەتیی كۆسرەت رەسووڵ كۆبوونەوە و بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەش، لەو دیدارەدا جەختیان لەسه‌ر كاری جیددی و بەردەوامیی رێككەوتنی هەردوولا بۆ دامەزراندن و پتەوتركردنی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان كردۆتەوە.