نرخی كەپر و كابینە گەشتیارییەكانی دوكان بەرزدەبێتەوە
گەشتوگوزار ھەوڵدەدات رێگری لە قورخكاری بكات
K24 - دوكان
یەکێک لەو ناوچە گەشتیاریانەی پارێزگای سلێمانی کە ساڵانە و بەتایبەت رۆژانی جەژنی نەورۆز ژمارەیەكی زۆری خەڵكی بۆ گەشت و سەیران رووی تێدەكەن دوكانە، بەڵام ئێستا نرخی كەپر و كابینە گەشتیارییەكان بەرز بووەتەوە.
بەشێک لەخاوەن پڕۆژە گەشتیارییەکان نایشارنەوە لەھەندێك ناوچەی گەشتیاری نرخی بە كرێگرتنی ھەر کەپرێک بۆ 100 دۆلار و نرخی کابینەکیش بۆ ھەزار دۆلار بەرز بووەتەوە.
لەئێستاوە کە نزیك بووەتەوە لە جەژنی نەورۆز، بەشێک لە پڕۆژە گەشتیارییەکانی سەیرانگای دوکان، تەواوی کەپرو کابینەکانی گەشتیاریان بەکرێ داوە و نرخەکانیشیان لەھەندێ جێگا پێنج بەرامبەر بەرزبووەتەوە. خواست لەسەر گرتنی کەپرو شوێنە گەشتیارییەکان وایکردووە نرخی یەک کەپر کە رووبەرەکەی کەمترە لە 3 مەتر بگاتە 100 دۆلار زیاتر و نرخی کابینەیەکی گەشتیاریش بۆ ھەزار دۆلار بەرز بووەتەوە.
گەشتوگوزاری دوكان، ھەوڵ دەدات رێگری لەو قۆرخکاریەی نرخ لەلایەن بەشێک لە خاوەن پڕۆژە گەشتیاریەکان بکات بۆ ئەوەی ھاووڵاتی و گەشتیاران بتوانن رۆژانی نەورۆز بە ئاسایی بەڕێ بکەن، بەڵام نایشارنەوە كە رێگریكردن لە بەرزكردنەوەی نرخی كەپرەكان ئاسان نییە.
ھ.م