یەكێتی كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان یەكلا دەكاتەوە
ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی كۆدەبێتەوە
K24 - ھەولێر
سبەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی لە شاری سلێمانی کۆدەبێتەوە و کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکلا دەکەنەوە.
هاوڕێ مەلا ستار، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی بە کوردستان24ی راگەیاند: "سبەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەكێتی لە شاری سلێمانی کۆدەبێتەوە و کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، کە پشکی یەکێتییە، یەکلا دەکاتەوە، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی رێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێ دەکەن".
كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی بۆ دیاركردنی كاندیدی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دوای ئەوە دێت، كه دوێنێ 4/3/2019، لە هەولێر پارتی و یەکێتی رێککەوتنێکی سیاسییان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان واژۆ کرد.
پێشتر ناوی ھەر یەك لە رێواس فایەق و بێگەرد تاڵەبانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان ئاشكرا كراوە.
ھ.م