له‌ عێراق به‌كارهێنانى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان بۆته‌ ديارده‌

هۆشداری لە زیادبوونی رێژەی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان ده‌درێت

K24 – هه‌ولێر:

کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و لیژنەی پەروەردەی پەرلەمان، هۆشداری لە زیادبوونی رێژەی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان له‌ وڵات دەدەن و جەخت دەکەنەوە، لە ناو کەسانی تەمەن خوارووی 20 ساڵان، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بۆتە دیاردە.

هەروەها رەخنە لە حکوومەتی عێراق و دەزگا ئەمنییەکان دەگرن، کە نەیانتوانیوە کۆنتڕۆڵی ئەو دیاردەیە بکەن.

ئەشواق کەریم، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، رێژەی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان بۆ 45% بەرز بۆتەوە و عێراقیش بۆتە شوێنی تێپەڕبوونی بازرگانی ماددەی هۆشبەر لەنێوان وڵاتان. 

ئەو ئەندامەی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق، هۆشداری لە خراپیی ئاستی زانستی لە دوای زیادبوونی رێژەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق داوە و جەختی کردۆتەوە، لە ناو قوتابخانەکاندا ماددەی هۆشبەر لەلایەن قوتابیانی قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەیی بەکار دەهێنرێت.

ئەو پەرلەمانتارە رەخنەی لە هەوڵەکانی حکوومەت بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی دیاردەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە عێراق گرت و ئاماژەی بەوەشدا، هەندێک لە بەرپرسانی وڵات پشتیوانیی لە بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان دەکەن.

لە لایەکی دیکەوە، فازڵ غەراوی، ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق روونیکردۆتەوە، بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە نێوان  تەمەنی 14 بۆ 19 ساڵی بۆتە دیاردەیەک و زیاتر لە 8 هەزار کەسیش بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە زیندانەکانی عێراق دەستگیر کراون.