هێزێكی ئه‌منی چوارده‌وری بینایه‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وای گرت
پێشبینی ده‌كرێت هێرشی سه‌ر بینایه‌ی پارێزگا بكرێت
K24- هه‌ولێر:
سه‌رچاوه‌یه‌كی پله‌داری پۆلیسی پارێزگای نه‌ینه‌وا به كوردستان 24ی رایگه‌یاند، هێزێكی چه‌كدار چوارده‌وری بینایه‌ی پارێزگای گرتووه، ئه‌مه‌ش بۆ رێگریكردن له ئه‌گه‌ری هه‌ر ره‌فتارێكی كتوپڕ، كه له لایه‌ن خه‌ڵكی تووڕه‌ی ئه‌و شاره‌وه نیشان بدرێت.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه كه له رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه به ماڵپه‌ڕی كوردستان 24ی راگه‌یاند و نه‌یویست ئاماژه به ناوی بكرێت، ئاشكرای كرد، "به له‌به‌رچاوگرتنی دۆخی شاره‌كه، هێزێكی سه‌ر به فه‌وجی سوات، چوارده‌وری بینایه‌ی پارێزگای مووسڵی ته‌نیوه، بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر حاڵه‌تێكی كتوپڕ"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراو، كه له‌وانه‌یه خه‌ڵكی ئه‌و شاره تووڕه‌یی خۆی له گوفتاره‌وه بگۆڕێت بۆ ره‌فتار.
سه‌رچاوه‌كه‌ی پۆلیس ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه، "ئه‌و هێزانه له ترسی پێشێلكاریی ئه‌منی، چوارده‌وری ئه‌و بینایه‌یان گرتووه".
دوای ئه‌وه‌ی له یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی نه‌ورۆز، به هۆی نغرۆبوونی به‌له‌مێكی گه‌شتیاری له رووباری دیجله له شاری مووسڵ، زیاتر له 100 كه‌س گیانیان له ده‌ست دا و تا ئێستاش ژماره‌یه‌كیان بێسه‌روشوێنن، خه‌ڵكی ئه‌و شاره تووڕه‌یی خۆیان له دژی كه‌مته‌رخه‌می و گه‌نده‌ڵیی ده‌سه‌ڵاتدارانی حكوومه‌تی ناوه‌ندی و خۆجێیی پارێزگاكه‌یان هێنایه سه‌ر شه‌قام و داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه و سزادانی به‌رپرسانی شاره‌كه‌یان ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت پارێزگار.
H.B