ئەردۆغان باسی برینداربوونی بەرپرسێكی باڵای پەكەكە دەكات
"بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و ئێف16 بارەگاكان بۆردوومان دەكەن"
K24 - ھەولێر
سەرۆك كۆماری توركیا برینداربوونی سێ بەرپرسی باڵای پەكەكە لە قەندیل رادەگەیهێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، لە دیدارێكدا لەگەڵ ھەردوو كەناڵی ئاهەبەر و ئەی تیڤی توركی، رایگەیاند "بەرپرسی ناوچەی قەندیلی پەكەكە بە سەختی بریندارە و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە و گوتەبێژی ئەو حزبەش گیانیان لە دەست داوە".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش كرد "فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانیان و فڕۆكەكانی ئێف16، بە چڕی لە بۆردوومانكردنی قەندیل بەردەوامن".
دوێنێ میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە، كە دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەیان میت و سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپا، 21ی ئەم مانگە بە هەماهەنگی هێرشیکی ئاسمانیان بۆسەر قەندیل ئەنجام داوە و لە هێرشەکەدا ئۆتۆمبێلی رەزا ئاڵتون، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی کەجەکە کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا رەزا ئاڵتون بریندار بووە و هەریەک لە سەرحەد وارتۆ، گوتەبێژی پەکەکە، میکایل ئۆزدەمیر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەکەکە و عەلی ئاکتاش، بەرپرسی پەکەکە لە قەندیل، گیانیان لە دەست داوە.