زێدان له‌ باره‌ی یارییه‌ قورسه‌كه‌ی سبه‌ی چی گوت؟

زیزۆ: لۆكای كوڕم خاوه‌نی كه‌سایه‌تییه‌كی گه‌وره‌یه‌

ریال مەدرید بەبێ چوار ئەستێرە دوایین راهێنانی بۆ یارییەکەی ڤاڵێنسیا کرد و زیدانیش پێش یارییەکە دەڵێت: یاریکردنی لۆکای کوڕم بەرامبەر هویسکا پەیوەندیی بەوەوە نییە کوڕمە و داواش لە گاریس بەیل دەکات فیکەی ناڕەزایەتی هاندەرانی یانەکەی قبووڵ بکات.

ریال مەدرید لە ڤالدێبێباس دوایین ئامادەکاریی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤاڵێنسیا ئەنجام دا، هەریەکە لە مارکۆس یۆرێنتی و تیبۆ کۆرتوا هێشتا بە تەواوەتی بۆ یاریکردن ئامادە نین و بەشداریی راهێنانەکانیان نەکرد، دانی کارڤاخال و ڤینیسیۆس جۆنیۆریش هێشتا پێکانەکەیان چاکنەبووەتەوە و لە قۆناخی گەڕانەوەدان بۆ یاریگان.

زیدان دوای دوو بردنەوەکەی بەرامبەر هویسکا و سێلتاڤیگۆ، دەیەوێت سێیەم سەرکەوتنی لەسەر یەک لەسەر ئەستۆی ڤاڵێنسیا بەدەست بهێنێت.

زینەدین زیدان، راهێنەری ریال مەدرید له‌ پرێس كۆنفرانسێك له‌ باره‌ی یارییه‌كه‌ گوتی: بۆ ئەم یارییە چەند گۆڕانکارییەک دەکەین بەراورد بە یارییەکەی هویسکا، یارییەکە نایاب و سەرنجڕاکێش دەبێت، زۆربەی یاریزانەکان حەز دەکەن بەشدار بن.

زیزۆ گوتیشی: لۆکای کوڕم وەکو دانی کارڤاخال 16 ساڵە لە ریال مەدریدە و خاوەنی کەسایەتی خۆیەتی، ئەو وەکو هەر یاریزانێکی دیکەی یانەکەمان یاریی دەکات و گوێ بەو قسانە نادەم کە لەبارەی یاریپێکردنی لۆکای کوڕمەوە دەکرێت و بە بڕیارێکی کەسی وەسف دەکرێت.

زینەدین زیدان ده‌شڵێت: نامانەوێت ڤاران بەبێ ریال مەدرید ببینین، ڤاران یاریزانێکی گرنگ و گەنجە، تاکو ئێستا هیچ شتێکی لەبارەی ویستی خۆی بۆ رۆیشتن لە ریال مەدرید پێ نەگوتوم، ناشزانم ئەو فیکانەی لە یاریی رابردوو بەرامبەر بەیل لێدرا تا چەند کاریگەریی لەسەر ئاستی دەبێت، بەڵام پێویستە یاریزانەکان ئەم شتانە بە ئاسایی وەربگرن، چونکە ئەم وەرزە ریال مەدرید بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت و پێشتریش من رووبەڕووی ئەم دۆخە بوومەتەوە، تاکو کۆتایی ئەم وەرزە پێویستە چاوەڕێ بکەین بۆ ئەوەی بڕیار لە چارەنووسی بەیل بدەین، لە ئێستاوە پێتان دەڵێم بۆ وەرزی داهاتوو پێویست ناکات هیچ گفتوگۆیەک لەبارەی گۆڵپاریزانەوە بکەین و ئەم بابەتە یەکلابووەتەوە.

ریال مەدرید بە کۆکردنەوەی ٥٧ خاڵ پلەی سێیەمی لالیگای گرتووە و لەم وەرزە جگە لە یارییەکەی ڤاڵێنسیا هەشت یاریی دیکەی لە لالیگا ماوە و زیزۆ دەیەوێت ئەم چەند یارییە ماوییەتی بیانکاتە پرۆڤەیەک بۆ دەستپێکی وەرزی داهاتوو.

زیدان لە ماوەی دوو یاریی رابردوودا یاریی بە ١٩ یاریزانی تیپەکەی کردووە و پێشبینی دەکرێت لە یارییەکەی ڤاڵێنسیاش هەمان سیستەمی بەنۆرە پەیرەو بکات بۆ ئەوەی لیستی ئەو یاریزانانە یەکلا بکاتەوە، کە لە کۆتایی ئەم وەرزە بەڕێیان دەکات.

Fly Erbil Advertisment