جەهەپە شانازیی بە دەنگی کورد دەکات
دەنگی كورد لە ھەڵبژاردن جەھەپە دڵخۆش دەكات
K24 - ئیستانبوڵ
ئایکوت ئەردۆگدو، جێگری سەرۆکی گشتیی پارتیی گەلی كۆماریی توركیا (جەهەپە) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، ئەو کوردانەی دەنگیان بە پارتەکەی ئەوان داوە، زۆر دڵخۆشی کردوون و شانازیی پێوە دەکەن.
گوتیشی: "کوردانی تورکیا هاووڵاتیی رێز لێ گیراون، بەڵام دەسەڵاتداران کورد بە تیرۆرست نیشان دەدەن".
ئاماژەی بەوەش كرد: "ھەر كاتێك باسی كورد دەكرێت، دەسەڵاتدارانی توركیا تۆمەتی تیرۆریان دەدەنە پاڵ، ئەم جۆرە لۆژیكەی دەسەڵات، ئەستەمە بتوانی مامەڵەی لەگەڵ بكەیت و زیانی زۆریش بە وڵات دەگەیەنێت".
لە 31/3/2019، دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە توركیا و باكووری كوردستان بەڕێوە چوو، جەھەپە توانی ھەردوو گەورە شاری توركیا ئەنقەرە و ئیستانبوڵ بباتەوە، كە پێشتر سەرۆك شارەوانیی ھەردوو شار لە دەست ئاكەپە، پارتیی دەسەڵاتداری توركیا بوو.
ھ.م