سوپای تورکیا چەند ناوچەیەکی لە سنووری قەزای ئامێدی بۆردومان کرد

هاووڵاتییەک زیانەکان ئاشکرا دەکات

K24 – هه‌ولێر:

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 09/04/2019 فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە بیانوی ھەبوونی بنکەکانی پەکەکە بە توندی نزیک گوندەکانی مێروک، ربەتکە و بێلمەندیان کە سێ گوندی کریستیان نشینن بۆردومان کرد.

هەر سێ گوندەکە سەر بە ناحیەی چەمانکن لە قەزای ئامێدی و ھاوسنورن لەگەڵ قەزای ئاکرێ.

توما ولیام، ھاووڵاتییەکی کریستیانی یەکێک لەم سێ گوندەیە و لەبارەی بۆردومانەکە بە کوردستان24ی راگەیاند: "شووشەی پەنجەرەی ماڵەکانمان شکاوە، دڵەڕاوکێ و ترسێکی زۆریش بڵاوبووەتەوە".

گووتیشی لە دوای بۆردوومانەکە، نەچاربوون ژن و منداڵەکانی خۆیان بۆ ھەندێ گوندی نزیک خۆیان بگوازنەوە.

سەبارەت زیانەکان، توما گوتی: "سەرەڕای نزیکی بۆردومانەکان، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".

جاری یەکەم نییە سوپای تورکیا ئەو ناوچەیە بۆردومان دەکات و بیانووشی بوونی هێزەکانی پەکەکەیە لەو سنوورە.

H.J