بەڕاک: کشانەوەی هێزەکان پشتکردن لە هاوپەیمانەکانمان نییە
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق: کشانەوەکە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەنێوان هەولێر، بەغدا و ناوچەکە دەپارێزێت
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق ستایشی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ دەکات بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق دوای 23 ساڵ لە دەستپێکی جەنگ، و رایدەگەیەنێت کە سەرۆکی ئەمریکا پشتی لە هاوپەیمانەکانی نەکرد، بەڵکو هاوسەنگییەکی وردی لەنێوان بەغدا، هەولێر، دۆستە ئیقلیمییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا دروست کرد.
چوارشەممە 30ـی ئەیلوولی 2026، تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی سەبارەت بە کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی وڵاتەکەی لە عێراق دوای 23 ساڵ لە هاتنی یەکەم سەربازیی ئەمریکی بۆ ئەو وڵاتە، رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، بە شێوازێکی بێوێنە و لە هەستیارترین ساتەوەختدا، سەرجەم رەهەندە ناکۆکەکانی دۆسیەی عێراقی خستە نێو یەک دیدگای ستراتیجییەوە.
بەڕاک ئاماژەی بەوە کرد، کشانەوەی ئەمجارەی هێزەکان هەڵاتن یان پشتتێکردن نەبوو، بەڵکو ڕێکخستنەوەی هاوکێشەکان بوو لەنێوان هەولێر، بەغدا و هاوبەشە هەرێمییەکان بە جۆرێک کە گەرەنتیی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکات و گوتی: قوربانیدانی سەربازانی ئەمریکی و عێراقی لەو ساڵانەدا بەفیڕۆ نەچوو، شەرەفمەندیی خزمەتەکەیان لەوەدا دەردەکەوێت کە ئەمڕۆ عێراق لەسەر پێی خۆی دەوەستێت.
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق جەختی کردەوە، لەگەڵ ئەم هاوسەنگییە نوێیەدا، دەرگایەکی داخراو بە رووی عێراقدا کراوەتەوە کە هەلێکی زێڕینە بۆ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و گەلەکەی، تاوەکو سەرجەم هێزە چەکدارەکانی وڵات لەژێر چەتری یەک دەوڵەت و یەک فەرماندەییدا کۆبکەنەوە و رێکیان بخەن، بە شێوەیەک کە ئەمریکا ئیتر وەک دۆستێکی نزیک بمێنێتەوە نەک وەک سەربازگە و پێگەیەکی سەربازی.