عەلی زەیدی: سوپاسی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان دەکەین

سەرۆکوەزیرانی عێراق بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، سەردەمێکی نوێ دەستیپێکردووە و عێراق لە گۆڕەپانی ململانێوە دەبێتە خاوەن بڕیاری نیشتمانیی سەربەخۆ، هاوکات پەیامێکی ئاراستەی گرووپە چەکدارەکان کرد و دووپاتیکردەوە کە پێویستە چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە گوتارێکدا بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رایگەیاند: بەبۆنەی ڕۆژی سەروەری، دەستپێکی قۆناغ و سەردەمێکی نوێ رادەگەیەنین؛ عێراق لە گۆڕەپانی ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ نیشتمانێکی خاوەن بڕیار، کە بە تەواوی پارێزگاری لە خاک و سەروەریی خۆی دەکات.

عەلی زەیدی ئاماژەی بەوە کرد کە گەلی عێراق لە ماوەی ڕابردوودا باجێکی قورسی ململانێکانی داوە و گوتی "لە قۆناغەکانی ڕابردوودا ژمارەی گرووپە چەکدارەکان لە وڵاتەکەماندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کرد، تا گەیشتە ئەو ئاستەی عێراق لەبری ئەوەی نیشتمانێکی ئارام بێت بۆ گەلەکەی، ببووە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی لایەنەکانی دیکە".

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ستایشی قوربانیدانی هێزە ئەمنییەکانی کرد و گوتی: ئەمڕۆ بەوپەڕی ڕێزەوە یادی شەهیدان و برینداران دەکەینەوە، هەروەها سڵاو و پێزانین ئاراستەی قارەمانانی سوپا، پۆلیس، دەزگای دژەتیرۆر، حەشدی شەعبی، هێزەکانی پێشمەرگە و سەرجەم هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکانمان دەکەین کە لە پێناو پاراستنی وڵاتدا تێکۆشاون.

سەرۆکوەزیرانی عێراق بەبێ ناوهێنانی هیچ لایەنێک، پەیامێکی ڕوونی ئاراستەی گرووپە چەکدارەکان کرد و گوتی "شوێنی شیاوی چەک و چەکدارەکانتان تەنیا لەناو دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکاندایە؛ توانا و قوربانیدانەکانتان دەبێت لە خزمەت بەهێزکردنی عێراقدا بن لە چوارچێوەی باوەڕێکی یەکگرتووی نیشتمانی، لەژێر یەک ئاڵا و یەک بڕیاری سەربازی و ئەمنیدا".

روونیشیکردەوە کە حکوومەت جیاکاری لەنێوان هیچ کام لە ڕۆڵەکانیدا ناکات، بەڵکو تواناکانیان بەپێی یاسا و دەستوور ڕێکدەخاتەوە. گوتیشی: "ئەمە بنەمایەکی دەستوورییە؛ دەبێت چەک تەنیا لە دەستی حکوومەتدا بێت، خاکی عێراق بەبێ بوونی هێزی بیانی بێت، و بڕیاری نیشتمانیش نوێنەرایەتیی سەرجەم پێکهاتەکان بکات".

عەلی زەیدی جەختی لەوە کردەوە کە دڵسۆزی بۆ سەروەریی وڵات لەوەدایە هەمووان پێکەوە پارێزگاری لە سەروەت و سامانی عێراق بکەن و ڕایگەیاند: "ئێمە بەردەوامین لە بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەکان و گەشەپێدانی سەرچاوەکانی دەوڵەت، بەڵێنتان پێدەدەین کە ئەم ئەمانەتە دەپارێزین و سەرجەم هەوڵەکانمان دەخەینە خزمەت ئەم وڵاتەوە".