وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندێکی پەرلەمانی فەرەنسا دەبێتە دەمەقاڵەیان

پرسی جینۆسایدی ئەرمەنەکان پاریس و ئەنقەرە دەخاتە دووبەرە دژ بەیەک

K24 – هه‌ولێر:

مەولود چاو‌شئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا و پەرلەمانتارێکی فەرەنسی بە ناوی سۆنیا کریمی لەسەر "جینۆسایدی ئەرمەنەکان" دەبێتە دەمەقاڵەیان.

لە کۆبوونەوەی دەستەی پەرلەمانتارانی رێکخراوی ناتۆ لە شاری ئەنتاڵیای تورکیا، موستەفا سێنتۆپ، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رەخنەی لە فەرەنسا گرت و رایگەیاند کە پاریس مێژوو بە خراپی بۆ خۆی بەکاردەهێنت، لە وەڵامیشدا پەرلەمانتارەکەی فەرەنسا سەرسوڕمانی خۆی لە قسەکانی سەرۆکی پەرلەمان دەبڕی و گووتی کە ئەو بەو قسانە تووشی "شۆک" بووە.

دواتر وەزیری دەرەوەی تورکیا وەڵامێکی تووندی ئەو پەرلەمانتارەی فەرەنسای دایەوە و رایگەیاند: "کاتێک دێتە سەر مێژوو و جینۆساید، دەبێت فەرەنسا دواین وڵات بێت قسە بکات، چونکە ئێمە ئەوەمان لەبیر نەکردووە کە لە رواندا و جەزائیر چی روویداوە".

بەهۆی لێدوانەکانی چاوشئۆغلۆ، شاندەکەی فەرەنسا کۆبوونەوەکەی جێهێشت و دواتر کریمی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لە بارەی کۆبوونەوەکە نووسی: " چاوشئۆغلۆ وانەی رێز و لووت بەرزیمان بە بێڕێزانە و لووت بەرزانە پێدەڵێت".

لە شوباتی ئەمساڵ، ئیمانیۆل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، فەرەنسا 24ی شوبات بۆ یادکردنەوەی "جینۆسایدی ئەرمەنەکان" دەستنیشان دەکات، ئەمەش ئەنقەرەی نیگەران کرد.

لە ساڵی 1915 و لەسەروبەندی جەنگی جیهانی یەکەم، هەزاران ئەرمەنی لە لایەن ئیمپراتۆری عوسمانی کوژران و تاکو ئێستاش 29 وڵات بەفەرمی ئەو جەنگەیان بە جینۆساید ناساندووە ئەوانیش: ئەرجەنتین، ئەرمێنیا، ئۆستریا (نەمسا)، بەلجیکا، بۆلۆڤیا، بەڕازیل، بولگاریا، کەنەدا، چیلی، قوبڕس، کۆماری چیک، فەرەنسا، ئەڵمانیا، یۆنان، ئیتاڵیا، لیتوانیا، لوبنان، لۆکسمبۆرگ، نێزەرلاندس (هۆڵەندا)، پاراگوای، پۆڵەندا، رووسیا، سلۆڤاکیا، سووید، سووریا، سویسڕا، ئۆرۆگوای، هۆڵی سی و ئیکوادۆر.

AFP

H.J