عەبدوڵڵا گول لەسەر هەدەپە دێتە دەنگ
عەبدوڵڵا گوڵ لە وەرگرتنەوەی سەرۆکایەتی شارەوانییەکان لە کاندیدانی هەدەپە نیگەرانە
K24 - ھەولێر
عەبدوڵڵا گوڵ، سەرۆک کۆماری پێشووی تورکیا و یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) نیگەرانی خۆی لەبارەی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکی شارەوانییەکان لە هەدەپە راگەیاند.
عەبدوڵڵا گوڵ، راگەیاندراوێکی لە ماڵپەری خۆی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا نیگەرانی خۆی دەربڕیووە لەبارەی ئەوەی لە پێش هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا رێگە بە کاندیدبوونی کەسانێک دراوە و دوای سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردن مافی سەرۆکایەتی شارەوانیان لێبسەندرێتەوە.
عەبدوڵڵا گوڵ، ئاماژەی بەوەشکردووە کە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن لە ئیستانبوڵ زۆر دواکەوتووە و ئەمەش کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتووی تورکیا دەبێت.
ئەمەش دوای ئەوەدێت ھاوسەرۆك و بەرپرسانی ھەدەپە رایانگەیاند، كە لە زۆر شار رێگە نەدراوە كاندیدە دەرچووەكانیان بۆ شارەوانییەكانی باكووری كوردستان و توركیا دەست بەكاربن.
رۆژی 31/3/2019، ھەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە شارەكانی توركیا و باكووری كوردستان بەڕێوەچوو، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) وەك حزبی دەسەڵاتدار ھەردوو گەورە شاری توركیا ئەنقەرە و ئیستانبوڵی لەدەستدا و جەھەپە لەو دوو شارە سەركەوت، بەڵام بەھۆی چەندین تانە و نیگەرانی ئاكەپە لە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن، تائێستا نەتوانراوە سەرۆكی شارەوانی ئیستانبوڵ و چەند شارێكی دیكە دەست بەكاربن.
ھ.م