عێراق پڕۆژه یاسایێك بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی یارییه ئه‌لیكترۆنییه‌كان ئاماده ده‌كات
له رۆژانی داهاتوودا ده‌خرێته ده‌نگدانه‌وه
K24- هه‌ولێر:
سه‌میعه غه‌لاب، سه‌رۆكی لێژنه‌ی رۆشنبیری و راگه‌یاندن له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، پڕۆژه پێشنیازێكیان بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی یارییه ئه‌لیكترۆنییه‌كان پێشكه‌ش به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كردووه و گوتی: "ئه‌و یاریانه هه‌ڕه‌شه له ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقی ده‌كه‌ن".
غه‌لاب له لێدوانێكی میدیاییدا دووپاتیكرده‌وه: "لێژنه‌ی رۆشنبیری، راگه‌یاندن، گه‌شتیاری و شوێنه‌وار به نیگه‌رانییه‌وه ده‌ڕوانێته دیارده‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی یارییه ئه‌لیكترۆنییه‌كان، كه ئه‌و یاریانه ده‌بنه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی توندوتیژی له‌ناو منداڵان، گه‌نجان و كچان".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و یاریانه به‌و خێراییه زۆره له‌ناو كۆمه‌ڵگای عێراقی به شێوه‌یه‌كه، كه كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌روونی و په‌روه‌رده‌یی له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و كه‌سانه درووستكردووه، كه خۆیان به‌و یارییه‌وه گرتووه".
سه‌رۆكی لێژنه‌ی رۆشنبیری له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گوتیشی:"ئه‌و بابه‌ته پێویستی به هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی جددی له‌لایه‌ن سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌وه هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی له رێگه‌ی ده‌ركردنی یاسای تایبه‌ت، سنوورێك بۆ ئه‌و دیارده نه‌رێنییه دابنرێت و رێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و یاریانه له لایه‌ن كۆمپانیاكانی ره‌واجدانه‌وه بگیرێت و حكوومه‌تیش رێككاری پێویست بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بگرێته به‌ر".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی عێراق ده‌شڵێت: "لێژنه‌كه‌مان له ژێر رۆشنایی مادده‌ی 59 له ده‌ستووری عێراق پڕۆژه پێشنیازێكی پیشكه‌ش به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كردووه، له یه‌كێك له دانیشتنه‌كانی رۆژانی داهاتوودا ده‌خرێته ده‌نگدانه‌وه و به په‌سه‌ندكردنی، حكوومه‌ت پابه‌ندی رێككاری تایبت ده‌بێت بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌و یاریانه".
وه‌ك غه‌لاب رایگه‌یاند، له ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه پێشنیازكراوه‌كه‌دا هاتووه، "به له‌به‌رچاوگرتنی كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی هه‌ندێك له یارییه ئه‌لیكترۆنییه‌كان له‌سه‌ر ته‌ندرووستی، رۆشنبیری و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی عێراقی، له‌وانه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقی له‌سه‌ر توێژه‌كانی منداڵان، گه‌نجان، كچان و قوتابیانی خودێندنگا و كۆلیژه‌كان و كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی ئه‌و یاریانه له‌سه‌ر ئاستی په‌روه‌رده‌یی و فێركاری" پڕۆژه پیشنیازكراوه‌كه داوا له حكوومه‌ت ده‌كات ئه‌و یاریانه قه‌ده‌غه بكات و هه‌موو ئه‌و لینكانه‌ش راگرێت، كه په‌یوه‌ندییان به‌و جۆره یاریانه‌وه هه‌یه و شوێنه‌كانی ره‌واجدانیش به‌و یاریانه قه‌ده‌غه بكات، له‌وانه‌ش یاری په‌بجی، فۆرتینایت، نه‌هه‌نگی شین و سه‌رجه‌م یارییه هاوشێوه‌كان، كه ده‌بنه هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌خلاقی، په‌روه‌رده‌یی و فێركاری له‌سه‌ر ته‌واوی چین و تویژه‌كانی كۆمه‌ڵگای عێراقی.
گوتیشی: پڕۆژه پێشنیازكراوه‌كه ئاراسته‌كردنی وه‌زاره‌تی گه‌یاندن و ده‌سته‌ی راگه‌یاندنیش له‌خۆ ده‌گرێت، بۆ ئه‌وه‌ی رێككاری ته‌كنیكی گونجاو بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه بگرنه به‌ر.
H.B