لە مووسڵ شەڕ لەنێوان پۆلیس و حەشدی شەعبی روویدا

حەشد لەبارەی شەڕەكە روونكردنەوە دەدات

K24 - ھەولێر

لەشاری مووسڵ، شەڕ لەنێوان پۆلیسی عێراق و حەشدی شەعبی روویدا و بەهۆیەوە دوو چەكداری حەشد برینداربوون.

بەگوێرەی روونكردنەوەیەكی حەشدی شەعبی، لەكاتێكدا ژمارەیەك چەكدار لە خواردنگەیەكی موسڵدا دەبن، پۆلیسێك و ھاوڵاتییەك دەبێتە دەمەقاڵیان و چەكدارێكی حەشدی شەعبیش ھەوڵدەدات نێوەندگیری بكات، پۆلیسەكە دەست بە تەقەكردن دەكات و لە ئەنجامدا دوو چەكداری حەشد برینداردەبن.

دوای رووداوەكەش، ھەماھەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكان كراوە، بۆ پێكھێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە.

ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر چەندینجار داواكراوە، چەكدارانی حەشدی شەعبی لە ناوچە سوننەكان و ناو شارەكان بچنەدەرەوە.

ھ.م