گه‌وره‌ترین فڕۆكه‌ له‌ جیهاندا به‌ سه‌ركه‌وتوویی تاقیكرایه‌وه‌

لە ئەمه‌ریکا بۆ یەکەمجار فڕۆکەیەک کە 6 بزوێنەر و دوو لاشە و درێژترین باڵی ھەیە فڕی

K24 – هه‌ولێر:

لە ئەمه‌ریکا بۆ یەکەمجار فڕۆکەیەک کە 6 بزوێنەر و دوو لاشە و درێژترین باڵی ھەیە فڕی.

فڕۆکەکە لە لایەن کۆمپانیای ستراتۆلۆنچەوە درووستکراوە، درێژی باڵەکانی 117 مەترە و 6 بزوێنەر و دوو لاشە یان (فیوزلێجی) ھەیە، کە درێژی ھەریەکەیان 72 مەتر و نیوە.

فڕۆکەکە بۆ یەکەمجار دوو کاتژمێر و نیو لە ئاسمان مایەوە و لە بەرزی 17 ھەزار پێ بە خێرایی 304 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بەسەر ئاسمانی کالیفۆرنیادا هه‌ڵفڕی.

کۆمپانیای درووستکەری فڕۆکەکە رایگەیاند: لە ھەوڵدان بۆ ئەوەی لە بواری رەوانەکردن و جێگرکردنی سەته‌لایتی بچووک و مانگی دەستکرددا ببنە باشترین رکابەر.

فڕۆکەکە لە توانایدایە 3 مووشەکی مانگی دەستکرد لەژێر باڵەکانیدا ھەڵبگرێت. لە بەرزی 10 ھەزار و 700 مەترەوە مانگە دەستکردەکان ھەڵبدات و رەوانەی بۆشایی ئاسمانیان بکات.

واتە بۆ لەمەودا لەجیاتی سەکۆی مووشەکی ئەم فڕۆکەیە دەتوانێت مانگە دەستکردەکان لە ئاسمانەوە رەوانەی بۆشایی ئاسمان بکات. بەمەش رێگە لە پیسبوونی ژینگە و مەترسییەکانی سەر فڕۆکە و فڕۆکەخانەکان و کەشتیەکانیش نەھێڵێت، کە پێشتر بەھۆی سەکۆ مووشەکییەکانەوە رووبەڕوویان دەبوویەوە.