پرسی پارەی گەنمی جوتیارانی كوردستان دەبرێتە ناو پەرلەمان
كۆبوونهوهیهكی پهرلهمان بۆ مافی جووتیاران تهرخان دهكرێت
K24 - بەغدا
بەشێک لە جوتیارانی ھەرێمی کوردستان کە چەند رۆژێکە لە بەغدا بوو، گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا، لەسەر داوا و بەڵێنی فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش بۆ گێڕانەوەی پارەی گەنمی سێ ساڵیان گەڕانەوە کوردستان. پەرلەمانتارانی کوردیش واژۆیان کۆکردووەتەوە تا کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان بۆ ئەو بابەتە تەرخان بکرێت.
ژمارەیەك جوتیاری کورد بە جلی و بەرگی کوردیەوە بە نوێنەرایەتی سەرجەم جوتیارانی ھەرێمی کوردستان، بۆ داواكردنی پارەی گەنمی سێ ساڵیان، چەند رۆژێک لەمەوبەر لە بەغدای پایتەخت گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا، ئەوان بڕە پارەی قەرزی گەنمی سێ ساڵی سەر حکوومەتی عێراقیان دەوێتەوە کە بڕەکەی یاتر لە 500 ملیار دینارە.
حەیدەر عەبادی، سەرۆکی كابینەی رابردووی حكوومەتی عێراق، بە بیانووی داکەوتنی نرخی نەوت و قەیرانی دارایی پارەی گەنمی جوتیارانی ھاوشێوەی مووچەی فەرمانبەران ھەرێمی راگرتبوو، بۆیە ئێستا گوشارەکان لەسەر عادل عەبدولمەھدیە تاکو واژۆ لە سەر خەرجکردنی پارەی جوتیاران بکات.
پاش گردبوونەوەیان لەبەردەم تەلاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر داوای بەشیر حەداد و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکان، جوتیاران گەڕانەوە ھەرێمی کوردستان، پاشان پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە کوردییەکان واژۆی کۆکردەوە تاکو کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان تەرخان بکرێت بۆ ئەو بابەتە و ئەگەر نا ئەوە لە داھاتوو بایکۆتی کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان دەکەن.
لە ساڵەكانی 2014 و 2015 و 2016 پارەی گەنمی جوتیاران ھەرێمی کوردستان خەرج نەکراوە، ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی كردووەتە سەر کەرتی کشتوکاڵی کوردستان و ئێستاش جوتیاران گوشارەکانیان چڕکردووەتەوە تا مەفەكانیان لە حکوومەتی عێراق وەربگرنەوە.
ھ.م