ئێران پێدانی ڤیزای سێ مانگی و شەش مانگی رادەگرێت
"دەبێ بە زووترین كات ئەو بابەتە لەگەڵ عێراق یەكلا بكەینەوە"
K24 - سلێمانی
کونسڵخانەی ئێران لە سلێمانی نووسینگە و کۆمپانیا گەشتیارییەکانی ئاگادارکردووەتەوە کە بۆ ماوەیەکی کاتی و نادیار پێدانی ڤیزای سێ مانگی و شەش مانگی راگرتووە. سەرکونسوڵی ئێرانیش لە سلێمانی ئاشكرای دەكات، ھۆکاری راگیرانی ڤیزا ئەوەیە کە ئەوان چاوەڕێی حکوومەتی عێراقن تاوەكو رای خۆیان لەسەر ئەوە بدەن کە ئایا جگە لە ڤیزای گەشتیاری ڤیزاکانی دیكەش بێ بەرامبەر دەبن؟.
لە ماوەی رابردوودا ھەردوو حکوومەتی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران رێكکەوتن لەسەر ئەوەی کە ڤیزا لەنێوان ھەردوو وڵات بۆ ھاتووچۆی گەشتیاران و ھاووڵاتیانی ھەردوولا بێ بەرامبەر بێت، کە ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانیشی دەگرتەوە، بەڵام پاش ئەو بڕیارە کونسڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی نووسینگە و کۆمپانیا گەشتیارییەکانی ئاگادار کردووەتەوە، کە بۆ ماوەیەکی کاتی پێدانی ڤیزای سێ مانگی و شەش مانگی راگرتووە.
سەعدوڵڵا مەسعودیان، سەرکونسوڵگەری ئێران لە سلێمانی بە كوردستان24 گوت: "ھۆكاری راگیرانی ڤیزا ئەوەیە كە ئێمە چاوەڕێی بۆچوونی عێراقین تا رای خۆیان لەسەر ئەوە دەربڕن، كە ئایا جگە لە ڤیزای گەشتیاری ڤیزاكانی دیكەش بێ بەرامبەر دەبن؟، پێویستە بە زووترین كات ئەو بابەتە لەگەڵ عێراق یەكلا بكەینەوە".
ھ.م