وازهێنانی كادیرانی كۆمەڵی ئیسلامی له‌ حزبه‌كه‌یان به‌رده‌وامه‌

پشتگیریی لەو سەركردانە دەكەن كە پێشتر دەستیان لەكار كێشاوەتەوە

K24 - ھەولێر

ژمارەیەكی دیكه‌ی كادیرانی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە سنووری ھەولێر دەستیان لەكاركێشانه‌وەی خۆیان لەو حزبە راگەیاند و پشتگیریی خۆیان بۆ ئەو سەركردانەی كۆمەڵ راگەیاند، كە لە چەند رۆژی رابردوو دەستیان لەكار كێشایەوە.

لە راگەیەندراوێكدا، ھەر یەك لە هێمن رەسوڵ، کارگێڕی مەڵبەند، عه‌بدولقادر ئیبراهیم، رفعەت رەئووف و برووسک عوسمان، ئەندامانی مەڵبەند و بەرپرسی لقی مامۆستایانی كۆمەڵی ئیسلامی، دەست لەكاركێشانەوەی خۆیان لەو حزبە راگەیاند.

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەیان خستووەتەڕوو: "دوای ئەوەی چەندین هەوڵ و پێشنیازمان لەلایەن باڵی دەستڕۆیشتووی ئەنجومەنی بانگەواز و بەڕێوەبردن، بۆ چاککردنی کێشە و گرفتە سەپێنراوەکانی هەردوو مەڵبەندی هەولێر، ڕه‌ت كرانه‌وه‌، ئێمەی کارگێڕ و ئەندامانی مەڵبەندی 11ی هەولێری کۆمەڵی ئیسلامی دەست لەکارکێشانەوەی خۆمان رادەگەیەنین و دووپاتی دەکەینەوە، كه‌ بۆ هەر پڕۆژەیەکی سیاسیی سەربەخۆ، کە خزمەتی رابوونی ئیسلامی بکات، پشتگیریی هەر سێ سەرکردایەتییە دەست لەکارکێشاوەکان دەکەین ".

پێشتر سێ سەركردەی كۆمەڵی ئیسلامی، كە پێكھاتبوون لە سه‌لیم كۆیی، سه‌عید هه‌ركی، ئیسماعیل ره‌سوڵ، دەست لەكاركێشانەوەی خۆیان لە حزبەكە راگەیاند و ھۆكاری دەست لەكاركێشانەوەكەشیان بۆ "نەبوونی پڕۆژەیەكی سیاسیی گشتگیر، بە جۆرێك كه‌ به‌بێ جیاكاری، خزمەتی گشت چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردی بكات"، لەناو كۆمەڵی ئیسلامی گێڕایەوە.