ترەمپ: کۆتا سەربازمان عێراقی جێهێشت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کشانەوەی دوایین کاروانی سەربازانی وڵاتەکەی لە عێراق ڕاگەیاند و بە ڕۆژێکی گەورە بۆ ئەمریکا ناوزەندی کرد. ترەمپ جەختی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانان بە کشانەوەی ڕێکخراو لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر کۆتایی پێهاتووە، ئەمەش جیاوازە لە کشانەوەکەی ئەفغانستان و ئێستا وڵاتەکە لەژێر دەستی سەرۆکوەزیرانێکی نوێدایە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق بڵاو کردەوە و تێیدا نووسیویەتی: ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی ئەیلوولی 2026، بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنم کە دوایین سەربازانی ئەمریکا خاکی عێراق بەجێدەهێڵن. ماوەیەکی درێژ بوو گیرمان خواردبوو بەدەست زنجیرەیەک بڕیاری زۆر هەڵەوە کە لە بنەڕەتدا ئێمەی پەلکێشی ناو ئەو زەلکاوە کرد، بەڵام ئەوە دەبێتە بەشێک لە مێژوو؛ ئەمڕۆ ڕۆژێکی مەزنە بۆ ئەمریکا.
ترەمپ بەراوردی قۆناخەکانی جەنگەکەی کرد و گوتی: ئەم جەنگە لە ساڵی 2003 لەژێر سەرۆکایەتیی جۆرج دەبلیو بوش دەستی پێکرد، لە سەردەمی ئیدارەی باراک حوسێن ئۆباما لە 2014 و دواتریش جۆ بایدن بەردەوام بوو، بەڵام دواجار ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی پۆڵایین لە ساڵی 2026 و لەژێر سەرکردایەتیی مندا، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، کۆتایی پێهات. ئەم ڕۆژە سەرکەوتنە بۆ ئەمریکا، سەرکەوتنە بۆ عێراق، و سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوەیە بەسەر داعشدا کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی مندا بەتەواوی تێکشکێندرا.
سەرۆکی ئەمریکا پەنجەی خستە سەر جیاوازیی ئەم هەنگاوە لەگەڵ دۆخی ئەفغانستان و ڕایگەیاند: بە پێچەوانەی ئەفغانستان کە زۆرینەی کەرەستە سەربازییەکانمان لەدەستچوون و لەوێ جێهێڵدران و 13 جەنگاوەرمان کوژران و دەیانیش بریندار بوون، بەڵام ئەم کشانەوە ڕێکخراوەی هێز و کەرەستەکانی هاوپەیمانان لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر کۆتاییهێنان بوو بە سەفەرێکی زۆر گرانبەها و پڕخەرج بەرەو ناو دۆزەخ.
دەربارەی بڕیاری کشانەوەکەش، ترەمپ جەختی کردەوە: من ئەرکێکی ڕوونم دیاری کرد، کەرەستەی پێویستم دایە دەست فەرماندەکانمان بۆ ئەوەی ئەرکەکە تەواو بکەن، و بە هیچ شێوەیەک ڕێگەم نەدا مانەوەی کاتی ببێتە هەمیشەیی. بژاردەی ئەوەم لەبەردەستدا بوو بمێنینەوە یان بڕۆین، بەڵام بێ هیچ گومانێک هەستم کرد کاتی ئەوە هاتووە ئەمریکا بگەڕێتەوە ماڵەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ باسی لە دەسەڵاتی نوێی بەغدا کرد و گوتی: ئێمە لە کاتێکدا دەڕۆین کە عێراق سەرۆکوەزیرانێکی نوێ و نایابی هەیە؛ عەلی زەیدی، کەسێک کە هەر لە سەرەتاوە پشگیریم کرد و بە تەواوی پەسەندم کرد؛ ئەو لە هەڵبژاردنێکدا سەرکەوت کە چاوەڕوان نەدەکرا بیباتەوە، بەڵام بە جیاوازییەکی زۆر و بە شێوەیەکی کەم وێنە بردییەوە. زەیدی سەرکردەیەکی دیارە و ئومێدەوارم بتوانێت بە باشترین شێوە کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات. ئێمە هاتین تا دژی خەلافەتێک بجەنگین، ئێستاش ئیتر هیچ خەلافەتێک نەماوە؛ ئێمە دەگەڕێینەوە ماڵەوە.
هەروەها دۆناڵد ترەمپ، لە گوتارێکدا لە کۆشکی سپی، سەرنجی خستە سەر کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق و قوربانیانی ئەو جەنگەی شی کردەوە و گوتی: ئێمە بۆ لەناوبردنی خەلافەتێک چووینە عێراق، ئێستاش خەلافەت نەماوە و دەگەڕێینەوە ماڵەوە. 23 ساڵ لەو جەنگەدا بووین، زیاتر لە 4 هەزار و 500 سەربازی مەزنی ئەمریکیمان لەدەستدا، زیاد لە 31 هەزار سەربازمان بە سەختی بریندار بوون، ئەمە جگە لە کوژرانی سەدان بەڵێندەری مەدەنی.
سەرۆکی ئەمریکا لە بەراوردێکدا پەنجەی خستە سەر ئۆپەراسیۆنی سەربازیی وڵاتەکەی لە ڤەنزوێلا و بە سەرکەوتنێکی بێوێنەی ناوبرد: لە جەنگمان لەگەڵ ڤەنزوێلا سفر سەربازمان لێ کوژرا. بە 201 سەربازی ئازا و بەتواناوە چووینە ناو گەورەترین بنکەی سەربازی کە هەزاران سەربازی لێبوو، ئامانجەکەمان کە گەورەترین سەرکردەی داڵدەدەری تیرۆر بوو لەناو دەرگا ئاسنینەکان دەرهێنا و ئەو دەرگایانە لە چەند چرکەیەکدا داڕمان؛ تەواوی ئەو جەنگە تەنیا 148 خولەکی خایاند بەبێ ئەوەی یەک سەربازیشمان لێ بکوژرێت.
لەبارەی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێرانیش، ترەمپ رایگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا 18 سەربازمان لێ کوژراوە کە کوژرانی تەنانەت یەک سەربازیش زۆرە بەڵام لە بەرامبەردا ئەوان 4 هەزار و 500 کەسیان لەدەستداوە. ئێستا ئێران بە وڵاتێکی وێرانبوو دادەنرێت، ئابوورییەکەیان بە تەواوی داڕماوە و ڕێژەی هەڵاوسان گەیشتووەتە زیاتر لە 300%.
دەربارەی هاتوچۆی کەشتیوانی لە کەنداو، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە کۆنترۆڵی هێزەکانی کرد بەسەر گەرووی هورمزدا و جەختی کردەوە: لە هەفتەی رابردووەوە کۆنترۆڵی نزیک لە سەدی سادی گەرووی هورمزمان بەدەستەوەیە. رەنگە هەندێک بڵێن مین دادەنێن و کەمێک ئاڵۆزی دروست دەکەن، بەڵام لە راستیدا کۆنترۆڵی تەواوەتیی گەرووەکە لەژێر دەستی ئێمەدایە و بەم زووانەش پێشهاتی گەورەتر دەبینن.