بەریتانیا: هێزەکانمان بە تەواوەتی خاکی عێراقیان جێهێشت
هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی فەرمیی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانان دژ بە داعش، بەریتانیا کشانەوەی هێزەکانی خۆی لە عێراق راگەیاند و ئاشکرای کرد کە هاوئاهەنگییە ئەمنییەکانیان لەگەڵ بەغدا و هەولێر پێ دەنێتە قۆناخێکی نوێی دووقۆڵی، دوای ئەوەی لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا زیاتر لە 111 هەزار کارمەندی ئەمنی عێراق و زیاد لە 21 هەزار پێشمەرگەیان مەشق پێکردووە.
چوارشەممە 30ی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی دا، بەهۆی کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی پۆڵایین و تێکشکاندنی سەربازیی رێکخراوی داعش، سەرباز و راوێژکارانی بەریتانیا لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی خاکی عێراقیان جێهێشتووە. بەریتانیا جەختی کردەوە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئێستا لە ئاستێکدان کە دەتوانن بەرپرسیارێتیی یەکەمی پاراستنی ئاسایشی وڵات لە ئەستۆ بگرن.
لە راگەیەندراوێکدا سەرنج خراوەتە سەر بەشداریی بەریتانیا لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی شەیدەر کە لە ساڵی 2014ەوە دەستی پێکردبوو؛ بەپێی ئامارەکان، هێزەکانی بەریتانیا مەشق و راهێنانیان بە زیاتر لە 111 هەزار ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردووە، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 21 هەزار پێشمەرگەی کوردستان بوون کە لە بوارەکانی پیادە، چاککردنەوەی چەک، پووچەڵکردنەوەی مین و بۆمبی چێندراو، فریاگوزاریی پزیشکی و ئەندازیاریی سەربازیدا ئامادە کراون.
هاوکات باسی لەوەش کردووە، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا لەو ماوەیەدا هەزاران گەشتی ئاسمانییان ئەنجام داوە و زیاتر لە 2 هەزار و 300 پێگەی داعشیان بۆردوومان کردووە، لە پاڵ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هەواڵگری و چاودێریی بەردەوام بۆ پشتیوانیی هێزەکانی سەر زەوی.
بەپێی راگەیەندراوەکە، کشانەوەی هێزەکان بە مانای کۆتاییهاتنی پەیوەندییەکان نایەت، بەڵکو هاوبەشیی بەرگریی نێوان لەندەن و بەغدا پێدەنێتە قۆناخێکی نوێی دوولایەنە کە لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی عێراق دادەڕێژرێت؛ ئەم هاوکارییە نوێیەش سەرنج دەخاتە سەر رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پێشخستنی توانای سەربازی، هاوکاری لە بواری پیشەسازیی بەرگری و تێکشکاندنی پرۆپاگەندەی فیکریی داعش.