مامۆستایەکی زانکۆی سۆران لە نایجیریا کوژرا

دوو ساڵ مامۆستای ئینگلیزی بووە

K24 – هه‌ولێر:

فای موونێی، مامۆستای پێشووی زانکۆی سۆران  و چالاکی بواری مافەکانی مرۆڤ، لە لایەن گرووپێکی چەکدارەوە لە وڵاتی نایجیریا کوژرا.

بە گوێرەی هەواڵێکی سایتی سی ئێن ئێن، کۆمسیۆنی باڵای بەریتانیا ئاشکرای کردووە، فای ئەندامی رێکخراوی مرۆڤدۆستیی مێرسی کۆرپس بووە و لە لایەن گرووپێکی چەکدراوە لە وڵاتی نایجیریا کوژراوە.

چەند چەکدارێک لە وڵاتی نایجیریا هێرش دەکەنە سەر هۆتێلێکی هەرێمی کادونا و سێ کەس دەڕفێنن و دووانی دیکەش دەکوژن، یەکێک لەوانه‌، پێشووتر له‌ زانکۆی سۆران مامۆستای زمانی ئینگلیزی بووە.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا، زانکۆی سۆران هاوخەمیی خۆی بۆ مردنی ئەو مامۆستایەی دەربڕیووە، کە لە ساڵانی 2013 و 2014 خزمەتی بە زانکۆکە کردووە و تیایدا هاتووه‌: "فای، دوو ساڵ وەکو مامۆستا لە زانکۆی سۆران خزمەتی کردووە و خاتوونێکی پڕ هیوا و زیرەکی زانکۆکەمان بوو و هاوخەمیی خۆمان بۆ خێزان و هاوڕێیانی فای دەردەبڕین".

ئەو گرووپە چەکدارانە لە نایجیریا خەڵکی بیانی و دەوڵەمەند دەڕفێنن، تاکو لە بەرامبەردا پارە وەربگرن، پێشتریش چەندین حاڵەتی هاوشێوە روویان داوە.

 H.J