پۆلیسی ھەولێر دوو "دز"ی دەستگیر كرد

دزیان لە یەكێك لە كۆگاكان كردووە

K24 - ھەولێر    

ھێزەكانی پۆلیسی ھەولێر دوو كەسیان دەستگیر كرد، كە دزیان لە یەكێك لە كۆگاكانی سەر رێگەی ھەولێر- گەزنە كردبوو.

رائید باساك فەرەج، ئەفسەری نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی عەنکاوە رایگەیاند: "ئاگادار کراینەوە بە بوونی رووداوێکی دزی لە یەکێک لە کۆگاکان لە رێگای نێوان هەولێر- گەزنە، ئێمەش گەیشتینە شوێنی رووداو و دەستمان کرد بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد، دوای کۆکردنەوەی زانیاری لە بارەی ئەم رووداوە، توانیمان بە ناسنامەی دوو تۆمەتبار بگەین و لە بۆسەیەکدا دەستگیریان بکەین".

راشیگەیاند: "تۆمەتباران بە ناوی (ع.ع.ع.)، تەمەن 38 ساڵ و (ا.ب.م) تەمەن 28 ساڵ، تۆمەتباران و دوای دەستگیرکردنیان ددانیان بە تاوانەکەیان دانا، كە هەڵسابوون بە دزینی (ئامێرێکی باڵۆن پرێس و دوو مشار و دوو PVC)، کە نرخه‌کانیان بە نزیکەیی 35000 ھەزار دۆلار دەخەمڵێنرێت".

بەپێی راگەیەندراوی پۆلیسی ھەولێر، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ھەردوو تۆمەتبارەكە رێکخراوە و رەوانەی بەردەم دادوەر کرا، دادوەر بڕیاری دا بە بەندکردنی هەردوو تۆمەتبار بەپێی ماددە 44 لە یاسای سزادانی عێراقی.

ھ.م