فەرماندەی هاوپەیمانان: دوای کشانەوەمان هیچ پاساوێک بۆ چەکی دەرەوەی دەوڵەت نەماوە

لە رێوڕەسمی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، فەرماندەی هاوپەیمانان رایگەیاند, هێزەکانیان پرۆسەی کشانەوەی رێکخراویان لە بنکەی هەولێر وەک دوا پێگەی هاوپەیمانان تەواو کردووە، هاوکات پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق لە پێناو چەککردنی ئەو گرووپ و میلیشیایانە دووپاتکردەوە کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا کار دەکەن.

چوارشەممە 30ـی ئەیلوولی 2026، لیام هۆڵن، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان، لە گوتارێکدا لە میانی رێوڕەسمی فەرمیی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، ئەم قۆناخەی بە ساتەوەختێکی مێژوویی ناوبرد و رایگەیاند: ئەمڕۆ عێراق بژاردەی دەوڵەتبوونی هەڵبژاردووە و پێشەنگی داوە بە پاراستنی سەروەریی خۆی بەسەر هەر دەستە و تاقمێک کە هەڕەشە لە سەقامگیریی وڵاتەکە بکەن.

فەرماندەی هاوپەیمانان ئاشکرای کرد، رۆژی رابردوو هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی رێکخراو کشانەوەیان لە بنکەی سەربازیی هەولێر کۆتایی پێهێناوە، کە وەک دوایین بنکەی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانان بوو لە عێراق، ئەوەش دوای ئەوەی ئەرکی سەرەکیی هاوپەیمانان لە تێکشکاندنی خەلافەتی داعش بە سەرکەوتوویی ئەنجام درا.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، هیولین ئاماژەی بە دە ساڵ قوربانیدانی هاوبەشی نێوان هێزە عێراقییەکان و هاوپەیمانان کرد و جەختی کردەوە، وێڕای کۆتاییهاتنی ئەرکی مەیدانی، پێویستە هێشتا چاوکراوە و وریابن لە ئاست مەترسییەکان.

فەرماندەی هاوپەیمانان هۆشداریدا لەوەی عێراق نابێت چاوپۆشی لە هیچ هەڕەشەیەکی ئەمنی بکات و گوتی: کاتی ئەوە هاتووە عێراق دەستپێشخەریی تەواو بگرێتە دەست. ئێمە بە تەواوی پشتیوانی لە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی دەکەین بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی میلیشیاکان، چونکە ئیتر لەم قۆناخەدا هیچ بیانوو و پاساوێک نەماوەتەوە بۆ بوونی گرووپی چەکدار لە دەرەوەی کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی دەوڵەتدا.

لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا، لە فۆڕمی هاوپەیمانیی فرەلایەنەوە دەگوازرێتەوە بۆ رێککەوتنی دووقۆڵیی ئەمنی و ستراتیجی، و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی هێزە شەرعییەکانی عێراق بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی سەقامگیر و ئارام.