عوسمان ئۆجه‌لان: په‌كه‌كه‌ بێ سه‌رۆك و سیاسه‌تە

"سه‌ركردایه‌تیی قه‌ندیل رەوایەتیی نه‌ماوه"

K24 - ھەولێر

عوسمان ئۆجه‌لان رایده‌گه‌یه‌نێت "په‌كه‌كه‌ سه‌رۆك و سیاسه‌تی نییه‌ و سه‌ركردایه‌تیی قه‌ندیلیش ره‌وایه‌تیی نه‌ماوه"‌.

عوسمان ئۆجه‌لان، سیاسه‌تمه‌دار و برای عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، رێبەری بەندكراوی پارتیی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) له‌ به‌رنامه‌ی رۆژه‌ڤی كوردستان24دا گوتی: "ئه‌وانه‌ی ئێستا له‌ قه‌ندیلن، ناتوانن سه‌ركردایه‌تی په‌كه‌كه‌ بكه‌ن".

گوتیشی: "له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، سه‌ركردایه‌تیی قه‌ندیل رێگه‌ی نه‌دا په‌یامی ئۆجه‌لان بۆ رای گشتی  ئاشكرا بكرێت".

ئاماژەی بەوەش دا: "پەكەكە بە شێوەیەكی ئازادانە كار ناكات، ھەرشتێك لە ژێر كۆنتڕۆڵی ئەواندا نەبوو، دەیانەوێت بە فشار و ھەڕەشە بیخەنە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیان، بۆیە سەركردایەتیی قەندیل رەوایەتیی نییە و رێگەنادەن بیروبۆچوونی سەرۆكەكەیان بگاتە گەل".