چەند ئەندامێکی دیکەی کۆمەڵی ئیسلامی دەستیان لەکار کێشایەوە

هۆکارەکەی ئاشکرا دەکەن

K24 – هه‌ولێر:

بە هۆی "بە خێزانیکردن" و "نایەکسانی" لەناو کۆمەڵی ئیسلامی، سێ ئەندامی ئەو حزبە لە راگەیندراوێکدا دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان راگەیاند.

هەر یەک لە ژوان عه‌یدولڕه‌زاق، بەرپرسی نووسینگەی هەولێری رێكخراوی قوتابیانی كۆمەڵ و ئەندامی نووسینگەی هەولێری دەستەی یاساناسانی كۆمەڵ؛ زەیتوون عوسمان، كارگێڕی نووسینگەی هەولێری رێكخراوی قوتابیانی كۆمەڵ و راگەیاندكاری كۆمەڵ لە هەولێر؛ ئەمین سەعدی، ئەندامی بەشی كارگێڕی و دارایی مەڵبەندی 3ی هەولێر، وازیان لە کۆمەڵی ئیسلامی هێناوە و هۆکارەکەی ئاشکرا دەکەن.

بە گوێرەی راگەیندراوێکی ئەو سێ ئەندامەی کۆمەڵ: "ئەو كەسانەی لەم قۆناغەدا و له‌ناو حزبدا كاربەدەست و دەست رۆیشتوون، سەرتاپای حزبیان خستۆوه‌تە خزمه‌تی بەرژەوەندیی ئامانجە تاكی و خێزانییەكانی خۆیان".

ئەو سێ ئەندامە دەڵێن: " ماوەی یەک ساڵە چاوەڕێی چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵین، بەڵام هیچ هەنگاوێک بەو ئاراستەیە نەنراوە".

پێشتریش، سێ ئەندامی سەرکردایەتی و چەند ئەندامێکی باڵای کۆمەڵی ئیسلامی وازیان لەو حزبە هێنا بوو، هۆکارەکەشیان بۆ بوونی گەندەڵی و نایەکسانی گەڕاندەوە.

دەقی بڵاوکراوەکەی سێ ئەندامەکەی کۆمەڵ:

 بە ناوی خوداوەندی بەرز و باڵا

‎بۆ: كۆمەڵی ئیسلامی و ڕای گشتی

‎بابەت: وازنامە

‎دوای چەندین ساڵ  خزمەت و شەونخونی و هەوڵ و ماندونەناسی لە خزمەت پڕۆژەیەكی سیاسی ئیسلامی بە ناوی ( كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان ) بەو بڕوا و متمانەیەی كە حزب هۆكارێكە بۆ خزمەتی دین و ژینی گەل و نەتەوە

‎خزمەتی زۆر مان بە قوتابیان و گەنجانی ئەم نیشتیمانە كرد و زۆر خشتمان بۆ ئەم حزبە خستە سەردیوار و هەوڵی بەرەو پێشچوونیمان دا

‎بەڵام دوای ئەوەی كە لەوە تێگەیشتین كە

1- ئەو كەسانەی لەو قۆناغەدا كار بەدەست و دەست ڕۆیشتوون لە حزب دا پێچەوانەی ئەوە بیر و ڕایانە و سەرتاپای حزبیان خستۆتە بەرژەوەندی ئامانجە تاكی و خێزانیەكانی خۆیان

2- نەبوونی پرۆژەیەكی سیاسی گشتگیر لەو حزبە دا بەجۆرێك خزمەتی گشت چین وتوێژەكانی كۆمەڵگەی كوردی بكات بێ جیاكاری لە نێوان تاكەكانی

‎ئەمانە و چەندان نادادی و گەندەڵی و قۆرخكاری تر

‎ناچاریان كردین كە هەوڵی زۆر و كاردانەوە و هەڵوێستی زۆر و جیاوازمان نواند

‎كۆتا جار زیاتر لە ساڵێكە بێ دەنگ دانیشتووین و چاوڕوانی بڕیارێكی بە خۆداچوونەوە و بڕیارێكی دروستی سەركردایەتی و كاردبەدەستانی ئەم حزبە بووین كە هەنگاوێك بێت بۆ چاكسازی و پاكسازی  نەهێشتنی ململانێ و دۆخی نائاسایی و گەندەڵیەكانی ئەو حزبە

‎وەلێ هیچ هەنگاوێكمان بەدی نەكرد و گەیشتین بەو قۆناغەی تروسكاییەك لە ئومێد بەدی نەكەین

‎بۆ یە ناچار بەو بڕیارە بووین

‎كە لە ئەمڕۆ وە 27/4/2019 ڕای بگەیەنین كە هیچ پەیوەندیەكی سیاسی و یاساییمان بەو حزبەوە نامێنی

وە لێرەوە پشتگیری خۆمان بۆ هەر سێ ئەندامی سەركردایەتی دەستلەكاركێشاوەی كۆمەڵ ڕادەگەیەنین دوپاتی بەرنگاربوونەوەی گەندەڵی و قۆرخكاری دەكەینەوە.

‎ژوان عبدالرزاق، بەرپرسی نوسینگەی هەولێری رێكخراوی قوتابیانی كۆمەڵ و ئەندامی نوسینگەی هەولێری دەستەی یاساناسانی كۆمەڵ

زەیتون عوسمان، كارگێڕی نوسینگەی هەولێری رێكخراوی قوتابیانی كۆمەڵ و راگەیاندكاری كۆمەڵ لە هەولێر

‎أمین سعدی، ئەندامی بەشی كارگێڕی و دارایی مەڵبەندی 3 ی هەولێر

H.J