عەبدولئەمیر شەممەری: کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان بە مانای کۆتاییهاتنی دۆستایەتی و هاوبەشی نییە

بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە رێوڕەسمی فەرمیی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رایگەیاند؛ هێزە چەکدارەکانی وڵات گەیشتوونەتە ئاستێکی باڵا لە ئامادەباشی و ئەزموون بۆ پاراستنی خاکی عێراق، وێڕای ماڵئاوایی لە هێزە سەربازییەکانی هاوپەیمانان، هاوئاهەنگی و دۆستایەتیی ستراتیجی لەگەڵ وڵاتانی هاوبەش بەردەوام دەبێت.

چوارشەممە 30ـی ئەیلوولی 2026، لە گوتارێکدا لە میانی رێوڕەسمی ماڵئاوایی و کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، عەبدولئەمیر شەممەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەم وێستگەیەی بە رووداوێکی پڕ لە سەروەری و گرنگی بۆ مێژووی هاوچەرخی عێراق وەسف کرد.

شەممەری لە گوتارەکەیدا رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی عێراق بە هەموو پێکهاتە و پۆلەکانیانەوە، لە ساڵی 2014ەوە و لە چوارچێوەی ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکاندا، توانییان بە پاڵپشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان و راوێژکارە سەربازییەکان، مەترسیدارترین شەپۆلی تیرۆر و پەڕگیری لەسەر ئاستی جیهان تێکبشکێنن و سەروەری بۆ خاکی نیشتمان بگێڕنەوە.

بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتی سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرجەم ئەو وڵاتە دۆست و هاوپەیمانانە کرد کە لە قۆناخە سەختەکاندا شانبەشانی عێراق وەستانەوە و گوتی: ئەمڕۆ وەک دۆست ماڵئاواییتان لێ دەکەین، هەرچەندە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق بە فەرمی کۆتایی پێهات، بەڵام هاوبەشی، دۆستایەتی و هەماهەنگیمان لە بواری راهێنان و بەرپەرچدانەوەی تیرۆردا کۆتایی نایەت.

شەممەری سڵاوی بۆ رۆحی پاکی شەهیدان و خێزانەکانیان و بریندارانی شەڕی دژ بە تیرۆر نارد و جەختی کردەوە، ئەو قوربانیدانە بووەتە مایەی بەهێزبوونەوەی دامەزراوە ئەمنییەکان و پاراستنی سەقامگیری لە سەرتاسەری وڵاتدا.