لەبارەی ئابووری ئێران هۆشداریی دەدرێت
سندوقی نێودەوڵەتی دراو ئاماری زیانەکانی ئابووری ئێران ئاشکرا دەکات
K24 – ههولێر:
سندوقی نێودەوڵەتی دراو IMF هۆشداریی دەدات لەوەی کە ئەگەر سزاکانی سەر ئێران بەردەوام بێت، ئەوا رێژەی هەڵئاوسان لەو وڵاتە دەگاتە 40%.
لە ئێستادا ئەمەریکا سزاکانی سەر ئێرانی بە جۆرێک تووند کردووە، تاران دووچاری ئەستەنگی زۆر بووە بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی لە بازاڕەکانی جیهاندا.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، جیهاد ئازور، بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوەندی ئاسیا لە IMF رایگەیاندووە، ساڵی پار ئابووری ئێران بە رێژەی 3.9% دابەزیووە و ئەمساڵیش ئەو رێژەیە بۆ 6% بەرزدەبێتەوە.
راشیگەیاند: "سزا نوێکانی سەر ئێران هەڵئاوسانیش بۆ رێژەی 40% یاخود زیاتر زیاد دەکەن".
ئێران ساڵانە بە بەهای 10 ملیار دۆلار داهاتی لە کەرتی نەوت هەیە، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا دەیانەوێت ئەو سەرچاوە سەرەکییەی داهاتی ئێران نەهێڵن.
تەنها لە ساڵی پاردا، کۆماری ئیسلامی 60%ی بەهای دراوەکەی لەدەستداوە، بەجۆرێک لە ئێستادا یەک دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەر بە 14 هەزار و 400 تومەنە.
کاتێک هەڵئاوسان لە وڵاتێک زیاد دەکات، نرخی کاڵا و شتومەکەکان زیاد دەکات، بەڵام مووچەی و دەستکەوتی کرێکاران و فەرمانبەران وەک خۆی دەبێت، ئەمەش سوود بە بەرهەمهێنەران و زیان بە کرێکاران دەگەیەنێت.
Reuters
H.J