سریلانکا رووپۆش بە مەترسی نیشتیمانی دەزانێت
لە دوای هێرشەکان سریلانکا رووپۆشی قەدەغەکرد
K24 – ههولێر:
لە دوای هێرشە تیرۆرستییەکان، سریلانکا بڕیاریدا رووپۆش (نیقاب)ی خانمان و هەرشتێک کە دەبێتە هۆی داپۆشینی رووخسار قەدەغە بکات.
بەهۆی هێرشە تیرۆرستییەکانی چەند هەفتەی رابردوو، لانی کەم 250 کەس کوژراون و سەدانی دیکەش برینداربوون، تاکو ئێستاش رووبەڕووبوونەوەی پۆلیس و ئەندامانی گروپە تیرۆرستییەکان بەردەوامە.
مایزرویپالا سیسیریسێنا، سەرۆکی وڵاتی سریلانکا بە یاسایەک بڕیاریدا رووپۆشی خانمان بە تەواوی قەدەغە بکات.
بەگوێرەی یاساکە، هەر شتێک ببێتە هۆی داپۆشینی دەمووچاو لە وڵاتدا قەدەغەیە و بە مەترسی هەژمار دەکرێت.
هەشت رۆژە هێرشەکانی سەر سریلانکا روویانداوە، بەڵام هێشتا باری لە ناکاو لە وڵاتە هەڵنەگیراوە و هێزە ئەمنییەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادە باشییەوە.
دانیشتوانی سریلانکا 21 ملیۆن کەسن و لەم ژمارەیەش، ١٠%یان موسووڵمان، پێشتریش رێکخراوی مەلاکانی سریلانکا داوایان لە خانمان کردبوو لە داپۆشینی رووخساریان دوور بکەونەوە.
BBC
H.J