ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو هێرشکردنە سەر سعوودیەی لە خاکی عێراقەوە شەرمەزار کرد

ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاوکاریی وڵاتانی کەنداو، بە توندی هێرشە درۆنییەکانی لە خاکی عێراقەوە بۆ سەر هێڵی سەرەکیی بۆریی نەوتی سعوودیە سەرکۆنە کرد، و داوای لە حکوومەتی عێراق کرد کە رێکاری توند و یەکلاکەرەوە بگرێتە بەر بۆ ئەوەی چیتر خاکی وڵاتەکەی نەکرێتە شوێنی دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ.

هەینی 11ی ئەیلوولی 2026، جاسم محەمەد بەدێوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاوکاریی وڵاتانی کەنداو، لە راگەیەندراوێکدا بە توندترین شێواز ئەو هێرشەی شەرمەزار کرد کە لە رێگەی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) لە ناو خاکی عێراقەوە کرایە سەر هێڵی بۆریی نەوتی (رۆژهەڵات - رۆژئاوا) لە هەردوو ناوچەی ریاز و مەدینە لە سعوودیە، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی بریندار بوون و زیانی ماددی بەر هێڵەکە کەوت.

جەختی لەوە کردەوە، ئەم هێرشە پەرەسەندنێکی مەترسیدار و هەڕەشەیەکی تەواو رەتکراوەیە بۆ سەر ئاسایش و خاک و دامەزراوە هەستیارەکانی سعوودیە، هەروەها پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتییە، و ئەنجوومەنەکە بە هەموو شێوەیەک دژی هەر کارێکە ئامانجی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە بێت.

ئەمینداری گشتیی کەنداو داوای لە حکوومەتی عێراق کرد کە هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە و رێوشوێنی پێویست و یەکلاکەرەوە بگرێتە بەر بۆ پێشگرتن لەوەی خاکی عێراق بۆ دەستپێکردنی ئەم جۆرە هێرشانە بەکاربهێنرێت. هەروەها جەختی کردەوە، پێویستە کار لەسەر راگرتن و دووبارەنەبوونەوەی ئەو هێرشانە بکرێت، تاوەکو ئاسایشی ناوچەکە پارێزراو بێت و لە ئاڵۆزیی زیاتر بەدوور بێت.

لە راگەیەندراوەکەدا، ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو پاڵپشتیی تەواو و نەگۆڕی خۆی بۆ سعوودیە دووپات کردەوە و رایگەیاند، پشتیوانی لە سەرجەم ئەو هەنگاو و رێکارانە دەکات کە ریاز دەیانگرێتەبەر لەپێناو پاراستنی سەروەری، ئاسایش، دامەزراوەکان، هاووڵاتییان و هەموو دانیشتووانی سەر خاکی وڵاتەکەی.