یەكەمین پێشانگای راگەیاندنە كوردییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان بەڕێوەچوو
رۆژنامەنووسان داوا دەكەن پێشانگاكە بە نێودەوڵەتی بكرێت
K24 - سنە
یەكەمین پێشانگای راگەیاندنە كوردییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان لە شاری سنە بەرێوەچوو، لەو پێشانگایەدا نوێنەری راگەیاندنە كوردییەكان بەرھەمەكانی خۆیان نیشاندا و رۆژنامەنووسەكانیش لەرێگەی كوردستان24وە داوا دەكەن كە لە ساڵانی داھاتوودا پێشانگاكە بە نێودەوڵەتی بكرێت و لە پارچەكانی دیكەش رۆژنامەنووسی بۆ بانگ بكرێت.
لە پارێزگای ورمێ، ئیلام، كرماشان، سنە و راگەیاندنە كوردییەكانی تارانیش لەو پێشانگایەدا بەشداربوون. دەیانەوێ ئەزموونی كاری خۆیان لە رۆژھەڵاتی كوردستان لە بواری رۆژنامەگەریدا بۆ یەكتر باس بكەن و گرنگی باسەكەش بۆ سەردانكەرەكان باس بكەن، یەكەم ھەنگاویش لەلای خەڵك پێشوازی باشی لێكراوە.
یەكەم پێشانگای راگەیاندنە كوردییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان لە كاتێكدایە كە كۆمەڵێك كێشە بەرۆكی راگەیاندنەكانی گرتووە، راگەیاندنی كوردی لە رۆژھەڵاتی كوردستان سنووردارە و ناتوانن سەربەخۆبن و ناشتوانن ھەموو باسێكی تێدا بكەنەوە، وەرگرتنی مۆڵەت قورس و لە رووی داراییشەوە بەرێوەبردنی رۆژنامە یان مانگنامەیەك كارێكی قورسە، گوشارێكی زۆریش لەسەر رۆژنامەنووسان ھەیە، لەگەڵ ئەوەش رۆژنامەنووسان بە ھەنگاوێكی باشی دەزانن و داوا دەكەن جارێكی دیكە پێشانگاكە بە نێودەوڵەتی بكرێت و لە پارچەكانی دیكەش رۆژنامەنووس بانگ بكرێن.
ئەو پێشانگایە دوێنێ 29/4/2019 دەستی بەكارەكانی كرد و ئەمڕۆ كۆتایی پێدێت، بڕیاریشە باشترین راگەیاندن و راگەیاندكار لە رۆژی كۆتاییدا خەڵات بكرێن، ھاوكات دەرگایەكیش بۆ ئالوگۆڕی بیروڕای رۆژنامەنووسان لەگەڵ باشووری كوردستان بدۆزنەوە، ھیواداریشن بتوانن كەشێكی ئازاد بۆ نووسین و كاری رۆژنامەگەری بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لەرووی چۆنییەتی و چەندایەتی پەرە بە كارەكەیان بدەن.
ھ.م