یەكەم سەرۆكی یانەی وەرزشی دەربەندیخان كۆچی دوایی كرد
یەكێك بوو لە یاریزانە دێرینەكان
K24 - سلێمانی
ئەمڕۆ سەڵاح حوسێن، یەكەم سەرۆكی یانەی وەرزشی دەربەندیخان لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دەربەندیخان بە كوردستان24ی رایگەیاند: "ئەمڕۆ چوارشەممە 1/5/2019 سەڵاح حوسێن قادر یاریزانی دێرین و یەکەم سەرۆکی یانەی وەرزشی دەربەندیخان لەشاری سلێمانی کۆچی دوای کرد".
راشیگەیاند: "ماوەیەك بوو سەڵاح حوسێن تووشی نەخۆشی بوو بوو، ھەر بەو ھۆیەشەوە گیانی لەدەستداوە".
یانەی وەرزشی دەربەندیخان لە راگەیەندراوێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ھەواڵی كۆچی دوایی سەڵاح حوسێن-ی پشتڕاست كردەوە و دڵگرانی خۆیان بەو بۆنەیەوە راگەیاند.
سەڵاح حوسێن، لە دایکبووی ساڵی 1965، لەگەڵ دروستبوونی یانەی وەرزشی دەربەندیخان لە ساڵی 1992 وەک یەکەم سەرۆکی یانە دیاری کرا. ئەو لەگەڵ هاوڕێ وەرزشکارەکانی دەربەندیخان بەر لە راپەڕینی 1991 رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە بەرەوپێشچوونی تۆپی پێ لە قەزای دەربەندیخان.
كاروان یارە- دەربەندیخان