ڤەنزوێلا مەیدانێکی دیکەی ساخکردنەوەی ناکۆکییەکانی ئەمەریکا و رووسیا
"ئەمڕۆ گەورەترین خۆپیشاندان بەڕێوە دەچێت"
K24 – ههولێر:
دوێنێ سێشەممە 30/04/2019، خوان گوایدۆ، سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا، کە خۆی وەکوو سەرۆکی وڵات ناساند و 54 وڵات پشتگیریان لێی کرد، لەگەڵ چەند فەرماندەیەکی سەربازیی دەرکەوت و رایگەیاند، کە سوپا پشتگیری لێ دەکات.
ئەو دەرکەوتنەی گوایدۆ وەکوو جۆرێک لە کودەتا ناسێنرا و دوا بە دوای ئەوە، خۆپیشاندەران هاتنە سەر شەقام و رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەوە.
لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا، گوایدۆ رایگەیاند: "ئێمە دەزانین مادورۆ (سەرۆکی ئێستای ڤەنزوێلا) پشتگیری و رێزی هێزە چەکدارەکانی لە دەست داوە، ئەمەشمان لە خۆپیشاندانەکان بینی، بۆیه دەبێت فشارەکانمان زیاد بکەین".
ڤەنزێلا بە بارێکی ئابووریی یەکجار سەختدا تێپەڕ دەبێتو بە جۆرێک لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بۆلیڤار (دراوی ڤەنزوێلا) 98% بەهاکەی لە دەست داوە، ئەم جۆرە داتەپینی ئابوورییەش لە مێژوودا کەم وێنەیە.
وڵاتە زلهێزەکانی جیهان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیو پشتگیریی لە گوایدۆ دەکەن و رووسیا و چین و چەند وڵاتێکی دیکەش، پشتگیریی لە سەرۆکی ئێستای وڵات، مادورۆ دەکەن.
بڕیارە ئەمڕۆ، بە سەرۆکایەتیی گوایدۆ "گەورەترین خۆپیشاندان لە مێژوودا" لە رۆژی جیهانیی کرێکاران لە ڤەنزوێلا ئەنجام بدرێت و گوایدۆش داوا دەکات، هێزە چەکدارەکان بچنە ریزی خۆپیشاندەران، سەرۆکی ڤەنزوێلاش ئەو خۆپیشاندانانە بە پلانی ئەمەریکا بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵاتەکەی دەزانێت.
پێشتر فەرماندەیەکی ئەمەریکی رایگەیاندبوو، رووسیا مووشەکی دوورهاوێژی لە ڤەنزوێلا جێگیر کردووە، ئەمەش ناکۆکییەکانی زیاتر کردووە، چونکە نزیکە ئاگرەکە تەشەنە بسەنێت و رووبەڕووبوونهوهی سەربازیی بێتە ئاراوە.
Reuters
H.J