ئه‌نباڕ.. به هۆی هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش 2500 خێزان ئاواره بوونه‌وه
داعش به هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیی زیاتره‌وه ده‌رده‌كه‌وێته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
قوتڕی عوبێدی، سه‌ركرده له حه‌شدی ئه‌نباڕ رایگه‌یاند، زیاتر له 2500 خێزانی سنووره‌كانی رۆژئاوای پارێزگای ئه‌نباڕ، به هۆی گه‌مارۆدانیان له‌لایه‌ن داعشه‌وه، جارێكی دیكه ئاواره بوونه و چوونه‌ته‌وه كامپه‌كان.
قوتڕی عوبێدی به میدیا عێراقییه‌كانی راگه‌یاندووه، ئه‌و 2500 خێزانه، له سنووری قه‌زاكانی عانه، راوه و قائمی رۆژئاوای ئه‌نباڕ بوونه و له‌وێ له‌لایه‌ن داعشه‌وه گه‌مارۆ درابوون، بۆیه به ناچاری به‌ره‌و لای یه‌كه سه‌ربازییه‌كان رایان كردووه و ئیستاش دووباره گه‌یه‌نراونه‌ته‌وه كامپه‌كان.
روونیشی كرده‌وه، هێزه ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان، ئۆتۆمبێلی گواستنه‌وه‌یان بۆ ئه‌و خێزانانه دابین كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی بیانگه‌یه‌ننه كامپه‌كانی پێشووتر له ناوچه‌كانی "كیلۆ 18 و كیلۆ 60" له رۆژهه‌ڵاتی روومادی.
عوبێدی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و گرووپه تیرۆریستییه، به هه‌زاران خێزانی گه‌مارۆ داوه، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كوو قه‌ڵغانی مرۆیی به‌كاریان بهێنێت و بتوانن له گورزی هێزه ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان قوتاریان بێت.
ماوه‌یه‌كه جموجۆلی چه‌كدارانی داعش زیاتر ده‌ركه‌وتووه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت له ناوچه سنوورییه‌كان، شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردووش، دامه‌زراوه پرۆپاگه‌نده‌ییه‌كانی داعش، گرته‌ی ڤیدیۆیی نوێی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، سه‌رۆكی گرووپه تیرۆریستییه‌كه‌ی بڵاو كرده‌وه.
ئه‌وه له‌كاتێكدایه، كه له مانگی 12ی 2017، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووی عێراق، وتاری سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعش و راگه‌یاندنی كۆتاییهاتنی شه‌ڕی له دژی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی داعش خوێنده‌وه، به‌ڵام هێشتا مه‌ترسییه‌كانی رێكخراوه‌كه ماون و ناوه ناوه‌ش كرده‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
ئ. م