شانه‌یه‌كی هه‌واڵگریی عێراق: ئه‌وانه‌ی به‌غدادی ناویان ده‌هێنێ زۆرینه‌یانمان كوشت
عه‌لی به‌سری: به‌هۆی شانه‌ی هه‌ڵۆ گورزی ستراتیژی و ده‌روونی به‌ر داعش كه‌وت
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، 2/5/2019، شانه‌ی هه‌ڵۆی هه‌واڵگریی عێراق رایگه‌یاند: "زۆرینه‌ی ئه‌و تیرۆریستانه‌ی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی له دوایین ده‌ركه‌وتنیدا ناوی هێناون، به‌هۆی بۆمببارانی ناوچه‌ی سووسه له سووریا ئێمه كوشتوومانن".
ئه‌بوعه‌لی به‌سری، سه‌رۆكی شانه‌ی هه‌ڵۆ و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی هه‌واڵگری و دژه تیرۆر له وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق به رۆژنامه‌وانانی گوتووه: "ئامانجی ده‌ركه‌وتنی تاوانبار ئیبراهیم به‌دری، ناسراو به ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی 18 خوله‌كیدا بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌ندامانی رێكخراوه‌كه له ده‌ره‌وه هانبدات ده‌ست به كرده‌ی تیرۆریستی بكه‌ن".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "زۆرینه‌ی ئه‌و ناوانه‌ی به‌غدادی له دوایین ده‌ركه‌وتنیدا ئاماژه‌یان پێده‌كات، ساڵی رابردوو له ھێرشێكی شانه‌ی هه‌ڵۆ به هه‌ماهه‌نگی فڕۆكه‌ی F-16ـی هێزی ئاسمانی عێراق بۆ سه‌ر ناوچه‌ی سووسه‌ی سووریا كوژراون. داننانی به‌غدادی به شكستی چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه‌ش له باغۆز، به‌ڵگه‌یه‌كه ئه‌و گورزه‌ی شانه‌ی هه‌ڵۆ لێیداون ستراتیژیی بووه و كاریگه‌ری ده‌روونی زۆری هه‌بووه له‌سه‌ریان".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "هه‌ره‌سهێنانی ئه‌وه‌ی پێی ده‌گووترا خه‌لافه‌ت و كوشتن و هه‌ڵاتنی چه‌كداره‌كانی داعش له مه‌یدانه‌كانی جه‌نگی سووریا، بوونه هۆی ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی (هه‌سه‌ده) بچنه ناو دوا مۆڵگه‌ی رێكخراوه توندڕه‌وه‌كه‌وه".